راچڵەكین -
دامەزراوەی رووسیا بۆ وزەی ئەتۆمی (روساتۆم) بڕیاردا ئەندازیار و كارمەندەكانی بگەڕێنێتەوە بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر-ی ئێران، كە بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكاوە سەرجەمیان كشاندبووەوە.
دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمریكا، رووسیا سەرجەم ئەندازیار و كارمەندەكانی كە لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر كاریان دەكرد، كشاندەوە، ئەلێكسی لیخاچۆڤ، سەرۆكی دامەزراوەی رووسیا بۆ وزەی ئەتۆمی (روساتۆم) رایگەیاند: دەستمانكرد بە گەڕاندنەوە كارمەندەكانمان بۆ وێستگە ئەتۆمییەكەی ئێران و لەئێستادا 25 ئەندازیار و كارمەندی تەكنیكیمان گەیشتوونەتە وێستگەكە و دەستبەكاربوونەتەوە.
ئەلێكسی لیخاچۆڤ وتیشی:" ئەگەر هیچ جۆرە ئتاڵۆزییەك لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا دروستنەبێتەوە، ئەوا تا وەرزی پاییز 100 ئەندازیار و كارمەندی دیكە رەوانەی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر دەكەینەوە".
پێشتر ژمارەی ئەندازیار و كارمەندانی رووسیا كە لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر-ی ئێران كاریان دەكرد، زیاتر لە 600 كەس بوو، بەڵام بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران، رووسیا سەرجەم كارمەندەكانی لەو وێستگەیە كشاندەوە.