راچڵەكین-
ڤیتۆی ئەمریكا، گفتوگۆكانی تایبەت بە پڕكردنەوەی پۆستە وزارییە بەتاڵەكانی حكومەتەكەی عەلی زەیدی وەستاندووە. چەند سەرچاوەیەكی سیاسیش ئاماژەیان بەوەكردووە، واشنتۆن تەواوكردنی كابینەكە، لەسەر حیسابی پلانی دانانی چەكی گرووپەكان (كە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەكانی ئێران دەبێتەوە) لەپێشتر نابینێت.
لەدواهەمین كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، عەلی زەیدی رایگەیاند، تەواوكردنی كابینەی حكومەتەكەی كە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا ڕایگەیاندبوو، نزیكە. لەبەرامبەردا سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕوای خۆی نیشانداوە كە پڕكردنەوی پۆستە وزارییە بەتاڵەكانی كابینەی حكومەتی عیراق، چەند مانگێك دەخایەنێت.
كابینەی حكومەتی عیراق لە 23 وەزارەت پێكهاتووە، 14 یان پڕكراونەتەوەو 9 یان بەبەتاڵی ماونەتەوەو بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێن لەوانە وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ، خوێندنی باڵاو پلاندانان.
بەووتەی ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" كە بۆ رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت قسەی كردووە: "ناكۆكی لەسەر پۆستەكان بابەتێكە كە یارمەتیدەرە بۆ دواخستنی تەواوكردنی حكومەت بۆ ماوەیەكی كورت، بەڵام دەستوەردانەكانیئەم دواییەی ئەمریكا بەتایبەتی لەگەڵ حكومەتی ئەلزەیدی ڕەنگە بۆ چەندین مانگی داهاتوو تەواوكردنی حكومەت دوابخات".
ئەو سەركردەیە دووپاتیكردەوە، لە پشت پەردەوە لەناو "هێزەكانی چوارچێوە" باس لە "ڤیتۆ و هێڵی سوور دەكرێت كە لەلایەن ئەمریكا و تۆم باراك-ی نێردەی سەرۆكایەتییەوە كێشراوە سەبارەت بە هەموو ئەو ناوانەی كە بۆ پۆستی وزاری لە هێزەكانی چوارچێوە كاندید كراون. هەندێكیان بەڕوونی پێیان وایە واشنتۆن نایەوێت حكومەت لەم كاتەدا تەواو بێت".
چەندین سەرچاوە ئاماژەیان بەوە كردووە، واشنتۆن بە توندی ئەوەی ڕەتكردووەتەوە نوێنەرانی گرووپە چەكدارەكان پۆستی وزاری وەربگرن. لەسەردانەكەی ئەم دواییەی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بۆ واشنتۆن، ئەمریكییەكان بەڕوونی ئەم هەڵوێستەیان پێ ڕاگەیاندووە.
هاوكات ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن واشنتۆن بەتەواوی ئەوەی ڕەتكردووەتەوە، لەیس خەزعەلی، برای قەیس خەزعەلی، سەرۆكی عەسایبی ئەهلی حەق، پۆستی جێگری سەركۆوەزیرانی پێبدرێت ئەوەش:" سەرلێشێواوی لەنێو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دروستكردووە بەو پێیەی ئەمریكا هێڵی سووری لەسەر زۆربەی لایەنەكانی چوارچێوەو گرووپەكانی داناوە."
بەبڕوای ئەو سەركردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی، پێدەچێت واشنتۆن بەلایەوە باشتر بێت هەردوو پۆستی بەرگری و ناوخۆ لەدەستی سەرۆكوەزیراندا بمێنێتەوە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ.