نهێنی سەردانەكەی قائانی بۆ عیراق ئاشكرا دەبێت

عێراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 385


راچڵەكین-

لەچەند رۆژی ڕابردوودا ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران، سەردانی بەغدادی پایتەختی عیراقی كرد، ئەوەش پرسیار گەلێكی بەدوای خۆیدا هێنا لەبارەی هۆكاری ئەو سەردانە چاوەڕواننەكراوو ڕانەگەیەندراوە.

سەردانەكەی قائانی بۆ بەغداد هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی بارگرژییەكان لەناوچەكە بەتایبەت لە گەرووی هورمزو، نزیكبوونەوەی ئەو وادەیەی لەلایەن عەلی زەیدی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق بۆ میلیشیا چەكدارەكانی دیاریكردووە بۆ رادەستكردنی چەكەكانیان.

كەناڵی ئەلعەرەبییە پشتبەستوو بەراپۆرتە رۆژنامەوانییە عیراقییەكان بڵاویكردووەتەوە، ئیسماعیل قائانی لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گروپە چەكدارەكان كۆبووەتەوەو  دۆسێی چەكداماڵینی لەگەڵ تاوتوێ كردوون.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان بێت، قائانی داوای لەگرووپە چەكدارەكان كردووە لەم قۆناغەدا چەك ڕادەستی دەوڵەتی عیراق نەكەن، لەهەمان كاتدا هۆشداری پێداون كە خۆیان بەدوور بگرن لەڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەت، لەبەرامبەردا بگەڕێن بۆ چارەسەرێكی سیاسی لەگەڵ حكومەتی عیراق.

لەلایەكی ترەوە كەناڵی ئەلجەزیرە لەزاری سەرچاوەیەك لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویكردووەتەوە، تاران لە ڕێگەی قائانییەوە پەیامێكی ناردووە و داواكیردووە لەئێستادا پرۆسەی چەكداماڵینی میلیشیاكان دوابخرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری دەستپێكردنەوەی گەڕێكی نوێی ململانێ سەربازییەكان لەناوچەكەدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن