راچڵەكین -
لە قەزای كەلار تەرمی مامۆستایەك لەناو ماڵەكەی خۆیدا دۆزرایەوە، پۆلیسی گەرمیانیش رایدەگەیەنێت: بەپێی تێكچوونی تەرمەكەی، دەردەكەوێت ماوەیەكی زۆرە گیانی لەدەستداوەو كەسیش پێی نەزانیوە.
عەقیدی پۆلیس، سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە 12-8-2026، ئاگادار كراینەوە لە بوونی تەرمێك لەماڵێكدا لەگوندی ئەڵمانی قەزای كەلار، دەستبەجێ بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان و بەڵگەو تاوان و مەفرەزەی بەشی پۆلیسی كەلار، چوونە شوێنەكە و دەركەوت هاووڵاتییەك كە پیشەی مامۆستایە بەناوی (شكار عەبدوڵڵا حەمید) لەدایبكووی 1984، لەماڵەكەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بەپێی تێكچوونی تەرمەكەی، دەردەكەوێت ئەو مامۆستایە ماوەیەكی زۆرە گیانی لەدەستداوە، بەپێی ئەوەی بەتەنها دەژی، كەس پێی نەزانیوە.
لەئێستادا تەرمی ئەو مامۆستایە رەوانەی پزیشكی دادی كەلار كراوە، پۆلیسیش سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەڵگەو زانیارییە لەسەر هۆكاری گیانلەدەستدانەكە.