راچڵەكین-
سەرچاوە عیراقییەكان چوارچێوەی پلانێكی حكومەتیان ئاشكراكرد، دوای كۆتایی هاتنی وادەی چەكداماڵینی گرووپەكان لە 30ی ئەیلولی 2026 كە خۆی دەبینێتەوە لە "گەمارۆدانی بارەگای سەركردایەتیی ئەو گرووپانە، وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵوەشاندنەوەیان قۆناغ بەقۆناغ. لەكاتێكدا بەرپرسانی ئێرانی هەوڵدەدەن بەربەست بخەنە بەردەم یان دواخستنی پلانەكە، هەرچەندە بەغدا رێڕەوێكی داڕشتووە كە نابێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری.
بەووتەی ئەو سەرچاوانە بۆ شەرقولئەوسەت، پلانەكەی حكومەت پشتی بەستووە بە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی سوپا، دەزگای دژەتیرۆر و یەكەكانی تایبەت لە دەوروبەری بارەگاكانی ئەو گروپانە و ئەو ڕێگایانەی دەچنەوە سەر بارەگاكان، بەمەبەستی سنوورداركردنی جموجووڵ و گواستنەوەی چەك و كەلوپەلی سەربازی.
بەگوێرەی زانیارییەكانی شەرقولئەوسەت، پلانەكەی حكومەت بەشێوەیەكی سەرەكی پێداگری لەسەر دوو ناوچە دەكات، كە بریتین لە جورف ئەلسەخر كە پێگەی سەرەكی كەتایبی حزبوڵڵاو جورف ئەلنەداف پێگەی سەرەكی بزووتنەوەی نوجەبایە و هەردووكیان كەوتوونەتە باشووری بەغدادی پایتەخت.
ناوچەی جورف ئەلسەخر لە ساڵی 2014ەوە یەكێكە لە قەڵا گرنگەكانی گرووپەكان كە پێدەچێت لەئێستادا بووبێت بە بنكەیەكی سەربازی ستراتیژی ئەو گرووپانە، كەمپەكانی نیشتەجێبوون، زیندان، كۆگاو، كارگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، هاوكات بەڵام زۆر كەس پێیان وایە وەك ناوەندێكی ئۆپەراسیۆنی سوپای پاسداران كاردەكات.
ناوچەی جورف ئەلنەداف كە دەكەوێتە ناوچەكانی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغداد لە نزیك ڕێگای بەغدا - مەداین، لەم چەند ساڵەی دواییدا وەك مۆڵگەیەك دەركەوتووە كە بارەگاو دامەزراوەكانی سەر بەدەستەی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكانی وابەست بەو دەستەیەی لەخۆگرتووە.