حاڵەتێكی دیكەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم دەستنیشانكرا

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 244

راچڵەكین -

وەزارەتی تەندروستی، دەستنیشانكردنی حاڵەتێكی دیكەی توشبوون بە تای خوێنەبەربوون رادەگەیەنێت، كە هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندێكی ئیدارەی سۆرانە و بەركەوتنی لەگەڵ ئاژەڵ هەبووە.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوكراوەتەوە، حاڵەتێكی تووشبوو بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون لەشاری دهۆك تۆماركرا، كە توشبووەكە گەنجێكی تەمەن 23 ساڵە و دانیشتووی گوندی (بازێ)یە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆی بەركەوتەی ئاژەڵی تووشبوو، دوای سەردانی نەخۆشخانە لەشاری دهۆك و گومانلێكردن بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەكانی، چەندین ڕێكاری دەستنیشانكردن و پشتڕاستكردنەوە و چارەسەری پزیشكی بۆی گیراوەتەبەر، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشكی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستی تا ئێستا جێگیرە.

وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاووڵاتییان كردووە، رێنماییەكانی وەزارەت جێبەجێ بكەن و لەكاتی بوونی گومان و نیشانەكانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەكانی ڤێترنەری ئاگاداربكەنەوە و هاوڵاتیانی بەركەوتووانی بەخێوكردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەكانی ئاژەڵ لەكاتی بوونی هەر نیشانەیەكی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێكراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشكنین بۆ گومانلێكراوانی ئەمساڵدا لەماوەی ڕابردوو، دەرەنجام تەنها سێ حاڵەت دەسنیشانكراون و پشتڕاستكراوەتەوە جگە لە دوو حاڵەتی دیكەی شارەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە بۆ چارەسەری هاتوونە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن