ئەبراهام لینكۆڵن دەگەڕێتەوە ئەمریكا

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 139

راچڵەكین-

كەشتیی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن، گەشتی گەڕانەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەمریكا دەستیپێكرد. وەك تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار بڵاویكردووەتەوە.

كەشتی ئەبراهام لینكۆڵن، دوای گەیشتنی كەشتیی یو ئێس ئێس جۆرج واشنتۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە ئەمریكا، بۆ كەمكردنەوەی ئەو فشارانەی كەوتوونەتە سەر كارمەندانی كەشتییەكە.

كەشتیی ئەبراهام لینكۆڵن لە كاتی جەنگی ئێران لەگەڵ ئێران ماوەیەكی درێژخایەنی جێگیربوونی لە دەریادا بەسەر برد كە نزیكەی نۆ مانگ بوو، ئەوەش نیگەرانیی ئەندامانی كۆنگرێس و بنەماڵەی كارمەندانی تیمی كەشتییەكەی لێكەوتەوە بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تێكچوونی باری دەروونی و  ژیان لەنێو كارمەندانی كەشتییەكە.

پێشتر كەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویكردەوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا دوو دەریاوانی كەشتیی یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن لە كەشتیی فڕۆكە هەڵگرەكەوە بازیانداوەتە ناو دەریاوە، بەڵام لەلایەن هاوكارەكانیانەوە ڕزگاركراون. هەروەها هەوڵەكانی تری خۆ هەڵدانە ناو دەریا ڕێگریان لێكراوە. لەبەرامبەردا هێزی دەریایی ئەمریكا بە سی ئێن ئێن-یان راگەیاندووە، هیچ ئاماژەیەكیان پێنەگەیشتووە تایەبت بە زیادبوونی حاڵ‌تەكانی هەوڵدان بۆ خۆكوشتن لەنێو كارمەندانی كەشتییەكە.

دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا نیگەرانییەكانی لەبارەی ماوەی جێگیركردنی ئەو كەشتییە كەمكردەوە و ڕایگەیاند، مانەوەی ئەو كەشتییە بۆ ماوەی نۆ مانگ ماوەیەكی هێندە درێژنییە. لەلایەن خۆشییەوە پیت هێگسیس- وەزیری جەنگی ئەمریكا وتوویەتی:" زۆر خراپ باس لە بارودۆخی نێو كەشتییەكە كراوە و لێكدانەوەی هەڵەی بۆكراوە." 

بەگوێرەی ڕێنماییەكانی دەریاوانی ئەمریكا بێت، پێویستە جێگیركردنی كۆمەڵەی كەشتییەكانی فڕۆكە هەڵگر لەدەریادا ماوەی تەنها حەوت مانگ بخایەنێت.

 یەكێك لەدەریاوانەكانی نێو كەشتیی ئەبراهام لینكۆڵن لەبارەی دۆخی نێو كەشتییەكە رایگەیاندووە، ورەیان زۆر دابەزیوە و دۆخی دەروونیان لەم مانگانەی دواییدا لەوپەڕی خراپیدا بووە، بەجۆرێك لەماوەی ڕابردوودا دوو لە هاوڕێكانیان هەوڵی خۆكوشتنیان داو خۆیان فڕێدایە دەریاوە، بەڵام توانرا ڕزگار بكرێن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانیان لەنێو كەشتییەكەدا پەكیان كەوتووە، زۆرجار ئاوی گەرم نەبووەو بەشێك لە تەوالێتەكان بەتەواوی داخراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن