راچڵەكین-
هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عیراق سەرقاڵی تەواوكردنی ماددەكانی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 ن وەك ئامادەكاریی ڕەوانەكردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران.
رۆژنامەی سەباح لەچاپی ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی ئابی 2026 بڵاویكردووەتەوە، ئامانجەكە ئەوەیە لەكۆتایی مانگی تشرینی یەكەم یاخود سەرەتای تشرینی دووەم پڕۆژە یاسای بودجەی 2027 ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بكرێت.
لەپرۆژەیاسای بودجەدا نرخی بەرمیلێك نەوت لەنێوان 60-70 دۆلار خەمڵێنراوە وەك پایەیەكی بنەڕەتی بۆ دیاریكردنی داهاتوو قەبارەی خەرجی.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری ئابووری سەرۆكوەزیرانی عیراق بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاندووە، مانگی داهاتوو ڕەشنووسی بودجە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وزاری ئابووری، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی گرژییە هەرێمییەكان فشار دەخەنە سەر سامانی گشتی، ئەوەش وا دەكات ڕەنگە پێویستی بە بودجەیەكی تەواوكەر هەبێت لە ناوەڕاستی ساڵی (2027)، بە پشتبەستن بە كورتهێنانێكی گریمانەیی كە (64) ترلیۆن دینارە.