راچڵەكین -
شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەهۆی كاركردن لە یەكتربڕی شەوكەت حاجی موشیر و چارەسەركردنی تۆڕێكی ئاوەڕۆ، رۆژی سێشەممە بەشێوەیەك كاتی شەقامی سەرەكیی نێوان تەلاری هونەر و باخچەی عەبدولڕەحمان زەبیحی بۆ گەڕەكی بەختیاری، دادەخرێت.
لە ئاگادارییەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 23-8-2026 بڵاویكردووەتەوە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییان و شۆفێرانی كردووەتەوە كە بە مەبەستی ڕێكخستنی جووڵەی هاتووچۆ، كاركردنی خێرا لە یەكتربڕی شەوكەت حاجی موشیر و چارەسەركردنی تۆڕێكی ئاوەڕۆ لەو سنوورەدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە 25ی ئاب، بەشێوەیەكی كاتی شەقامی سەرەكیی نێوان تەلاری هونەر و باخچەی عەبدولڕەحمان زەبیحی بۆ گەڕەكی بەختیاری و بەپێچەوانەشەوە لە گەڕەكی بەختیارییەوە بۆ شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، بەربەست دەكرێت.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی داوای لە هاوڵاتییان و شۆفێران كردووە، هاوكار و هەماهەنگی تیمەكانی شارەوانی بن؛ بۆ گەیشتن بە گەڕەكی بەختیاری، شەقامی خوار تەلاری هونەر وەك ڕێگای جێگرەوە بەكاربهێنن، بۆ چوونیش لە گەڕەكی بەختیارییەوە بەرەو شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، ئەو شەقامە جێگرەوەیە بەكاربهێنن كە لە هێڵكاریی نەخشەكەدا دیاری كراوە، تاوەكو كار و چاكسازییەكان لە سنوورەكەدا بەكۆتا دەگات.