پۆلیسی گەرمیان لەبارەی یارییە ئەلیكترۆنییەكان هۆشداریی دەدات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 169

راچڵەكین -

پۆلیسی گەرمیان هۆشداریی بەو دوكاندارانە دەدات كە پارە بۆ هەژماری یارییە ئەلیكترۆنییەكان زیاد دەكەن و رایدەگەیەنێت: هەر دوكاندارێك بێ رەزامەندیی دایك و باوك یان سەرپەرشتیار، پارە بۆ هەژماری منداڵێك زیاد بكات، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە ئاگادارییەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 23-6-2026 ئاڕاستەی هەموو ئەو دوكاندار و فرۆشیارانەی سنوورەكەی كردووە كە لە بواری فرۆشتن و زیادكردنی پارە بۆ هەژمارەكانی یاری و ئەپەكان دا كار دەكەن، لەوانە: Roblox، PUBG، PlayStation (PS)، TikTok، Minecraft، Domino و هەموو یاری و خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكانی تر كە منداڵ و مێردمنداڵان بەكاریان دەهێنن، داوای لێكردوون بێ ئاگاداریی و رەزامەندی دایك و باوك یان سەرپەرشتیاری منداڵ، هیچ پارەیەك بۆ هەژماری ئەوان زیاد نەكەن.

هۆشداریی ئەوەشدراوە كە ئەگەر هەر دوكاندارێك بێ رەزامەندی دایك و باوك یان سەرپەرشتیار، پارە بۆ هەژماری منداڵێك زیاد بكات، لە كاتی سەلماندنی پێشێلكارییەكەدا، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەكردووە كە ئامانج لەم ئاگادارییە، پاراستنی منداڵان و رێگریكردنە لە بەكارهێنانی نادروستی پارە و كەمكردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن