راچڵەكین -
ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند كە لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر گێچەڵی سێكسیی بە ژنێك كردبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، كە ئەمڕۆ شەممە 29ی ئابی 2026 بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی گرتەڤیدیۆیی ئافرەتێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، كە لەلایەن كەسێكی ماتۆڕسوارەوە، لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر، گێچەڵی سێكسیی بەرامبەر كرابوو؛ لەسەر ئەم ڕووداوە، لەلایەن تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەكمانەوە دەست بە بەدواداچوون كرا و ناسنامەی تۆمەتبارەكە ئاشكرا كرا.
تۆمەتبارەكە ناوی (ع. م. أ)ە و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركرا.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە و زانیاریی زیاتر بڵاودەكەنەوە.