حكومەتی عیراق لەچوارچێوەی پلانی زیادكردنی هەناردەی نەوتی خاو، كار بۆ دروستكردنی دوو هێڵی بۆری نەوتی ستراتیجی دەكات كە یەكێكیان بە خاكی سووریاوە تێپەڕ دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە 29ی ئابی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پڕۆژەی هێڵی بۆری نەوتی ستراتیجی كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیری نەوت و نوێنەرانی كۆمپانیاكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی هێڵی بۆری (بەسرە - حەدیسە - فێشخابوور) و (حەدیسە - بانیاس) ئامادەبوون، عەلی زەیدی داوایكرد بەپەلە بكرێت لە دەستكردن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، وەزیری نەوتیشی راسپارد هەموو جۆرە ئاسانكارییەك بۆ كاركردنی كۆمپانیاكان بكات و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكات، بۆئەوەی پرۆژەكە بەباشترین شێوە ئەنجام بدرێت.
سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاند: پڕۆژەی هێڵی بۆری هەناردەكردنی نەوتی خاو، بایەخێكی ستراتیجیی گەورەی بۆ عیراق هەیە لەڕووی هەمەجۆركردنی رێڕەوی هەناردەكردن و بەهێزكردنی توانای برشی هەناردەكراو، كە خزمەتێكی گەورە بە ئابووری وڵات دەگەیەنێت.