راچڵەكین -
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەیادی خیانەتی 31ی ئاب پەیامێك بڵاودەكاتەو و رایدەگەیەنێت: ئەو خیانەتە گەورەیە بووە مایەی قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی كورد كورد و شەهید بوونی ژمارەیەكی زۆری رۆڵەكانی گەلەكەمان، ئەمڕۆش لەپێناو ڕاستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانیدا، كوردستان پێویستی بە پێكهێنانی حكومەتێكی هاوسەنگ و بەرپرسیار هەیە كە بە یەكڕیزی و شەراكەت و خزمەتی دادپەروەرانە، قەرەبووی ناخۆشییەكانی رابردوو بكاتەوە،
دەقی پەیامەكە:
ئەمڕۆ سێ دەیە بەسەر كارەساتی ٣١ی ئاب تێپەڕ دەبێت، كاتێك شاری هەولێری پایتەختی كوردستان لە لایەن سوپای ڕژێمی بەعسەوە، بۆ پشتیوانی پارتی دیموكراتی كوردستان و دوای شەش ساڵ لە راپەڕین و ئازادی، داگیر كرایەوە.
بەداخەوە ئەو خیانەتە گەورەیە بووە مایەی قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی كورد كورد و شەهید بوونی ژمارەیەكی زۆری رۆڵەكانی گەلەكەمان لە پێشمەرگە و فەرماندە و كادرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و بێسەروشوێنكردنی ژمارەیەكی زۆری تێكۆشەرانی یەكێتی كە تاوەكو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لە پێناو بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و نەتەوەیەكانی و لە چوارچێوەی سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال كە رایسپاردووین لەبەر خاتری گەلەكەمان و ئایندەی كوردستان لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەینەوە، ناسۆرەكانی رابردووی بە هەڵسەنگاندنی مێژوو و حوكمە عادیلانەكەی سپارد، كە ئەمەش دەورانێكی ئاوەدانی و سەقامگیری و پێكەوەیی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە بیرەوەری ئەم كارەساتە نەتەوەییەدا، وێڕای خەم و پەژارەی قووڵی نیشتمانی، یەكێتی تەئكید دەكاتەوە لەسەر چارەسەری یەكجارەكی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كە بوونە هۆی بژاردەی خراپی پەنابردن بۆ هێزی نەیاران.
ئەمڕۆش لەپێناو ڕاستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانیدا، كوردستان پێویستی بە پێكهێنانی حكومەتێكی هاوسەنگ و بەرپرسیار هەیە كە بە یەكڕیزی و شەراكەت و خزمەتی دادپەروەرانە، قەرەبووی ناخۆشییەكانی رابردوو بكاتەوە، تاوەكو هەرێمێكی پتەو و سەقامگیر دەرەقەتی ئەرك و ئەگەرەكانی داهاتووی عیراق و ناوچەكە بێت.
درود بۆ شكۆی شەهیدانی بەرگری لە پایتەختی كوردستان و گشت شەهیدانی رێگای رزگاری.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان