راچڵەكین -
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتیی هۆشداریی لە كاریگەریی كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی خاو لەسەر بازاڕی وزەی جیهان دەدات و رایدەگەیەنێت: شكستهێنانی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و دۆخی ئێستای گەرووی بابولمەندەب، تەگەرە لەبەردەم هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان دروستدەكەن.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 11-9-2026 بڵاویكردەوە، ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتیی مەترسیی خۆی نیشانداوە لەوەی بەردەوامبوونی كەمیی هەناردەكردنی نەوتی خاو بۆ بازاڕەكانی جیهان، كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر جیهان دەبێت و دەبێتە هۆكارێك بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
ئاژانسەكە ئاشكرایكردووە، بەهۆی شكستهێنانی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و دەستپێكردنەوەی هێرشەكان لەناوچەی كەنداو و بەردەوامیی قەدەغەی هاتووچۆی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان بە گەرووی هورمز، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەمانگی ئاب دا، رۆژانە یەك ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل كەمبووەتەوە، ئەمەش وایكردووە رۆژانە هەناردەكردنی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە كەنداوەوە رابگیرێت و تەنها 13 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بكرێت، كە كەمترە لە نیوەی ئەو بڕە نەوتەی كە بەر لە جەنگ هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا.
هۆشدارییەكەی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتیی لەكاتێكدایە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمڕۆ هەینی نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 104 دۆلار و 85 سەنت.