راچڵەكین -
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە كۆی دەنگی وڵاتە ئەندامەكانی پڕۆژەیاسایەكی ئەمریكای لەبارەی درێژكردنەوەی سزاكانی سەر سودان، پەسەند كرد.
لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمریكا پڕۆژەیاسایەكی سەبارەت بە درێژكردنەوەی كاركردن بە یاسای ژمارە 1591 پێشكەشكرد، كە لەساڵی 2005 دەرچووە و تایبەتە بە سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتی سودان.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرجەم وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنەكە، كە ژمارەیان 15 ئەندامە، بە بەڵێ دەنگیان دا بە پەسەندكردنی پرۆژەیاساكەی ئەمریكا و بەم جۆرەش سەرجەم ئەو سزایانەی لەساڵی 2005ەوە بەسەر سوداندا سەپێندراوە، ماوەكەی درێژدەكرێتەوە.
ساڵی 2005 بەهۆی شەڕی هەرێمی دارفۆر و ئەو كوشتارەی لەلایەن سوپای سودانەوە بەسەر دانیشتووانی دارفۆردا هات، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چەندین سزای جۆراوجۆری بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.