راچڵەكین -
عیراق لەسەر هێرشكردنە سەر عەرەبستانی سعودیە لەناو خاكی عیراقەوە، راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنێت: لێكۆڵینەوەی خێرا لەسەر رووداوەكە دەكەین و رێگەش نادەین خاكی وڵاتەكەمان ببێتە سەكۆی هێرشكردنە سەر هیچ وڵاتێك.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی شتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، حكومەتی عیراق ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكات كە كراونەتە سەر سعودیە و هەر هێرشێكیش رەتدەكەینەوە كە ئاسایشی سعودیە بكاتە ئامانج و ببێتە هۆی خراپبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لەسەر راسپاردەی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لێكۆڵینەوەی بەپەلە دەستی پێكردووە لەسەر هێرشەكە و ئەو لایەنانەی لەپشتییەوە وەستاون، بۆئەوەی رێكاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر.
جەخت لەوەشكراوەتەوە كە حكومەتی عیراق لەكاركردن لەگەڵ برا و دۆستەكانی بەردەوام دەبێت بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە و خاكی عیراقیش نابێتە سەكۆی هێرشكردنە سەر هیچ وڵاتێك.
راگەیەندراوەكەی وتەبێژی فەرماندەیی شتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لەدوای ئەو هێرشە درۆنییە دێت كە لەخاكی عیراقەوە كرایە سەر سعودیە و هێڵی بۆری نەوتی ڕۆژهەڵات - ڕۆژئاوای لەو وڵاتە كردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.