راچڵەكین -
بەرپرسێكی باڵای رووسیا هۆشداریی بە لیتوانیا دەدات لە هەر هەوڵێك بۆ جێگیركردنی چەكی ئەتۆمی لەسەر خاكی وڵاتەكەی و رایدەگەیەنێت: ئەگەر هەڵەیەكی لەو جۆرە بكەن، مۆسكۆ بە توندترین شێوە وەڵامیان دەداتەوە و هیچ لایەنێكیش بەرگرییان لێ ناكات.
دمیتری مێدڤێدیڤ، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا، لە لێدوانێكدی هەڕەشەئامێزدا رایگەیاند: وڵاتی لیتوانیا بەنیازە دەستووری وڵاتەكەی هەمواربكاتەوە بەجۆرێك كە رێگە بدات چەكی ئەتۆمی لەسەر خاكی وڵاتەكەی جێگیر بكات، ئەم كارەش دەیخاتە بەردەم كێشەیەكی گەورە و رووسیاش كاردانەوەی دەبێت و بە توندترین شێوە وەڵامی دەداتەوە.
مێدڤێدیڤ وتیشی:" دەسەڵاتدارانی لیتوانی كەسانی گەمژەن و نازانن ئەگەر كارێكی لەو جۆرە بكەن، رووبەڕووی وەڵامێكی توندی رووسیا دەبنەوە و ئەگەر وڵاتەكەشیان بسووتێت هیچ وڵاتێك ئامادە نابێت شەڕیان بۆ بكات".
هۆشدارییەكەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا، لەدوای لێدوانەكەی یوزاس ئۆلیكاس، سەرۆكی پەرلەمانی لیتوانیا دێت، كە رایگەیاندبوو: حكومەت پلانی داناوە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو پڕۆژەیاسایەك پێشكەش بكات بۆ هەمواركردنی دەستوور و لابردنی بڕگەی تایبەت بە قەدەغەكردنی جێگیركردنی چەكی ئەتۆمی لەسەر خاكی وڵاتەكە.
لیتوانیا، یەكێكە لە وڵاتە بچووكەكانی سەر دەریای بەلتیك و لەساڵی 1990 لە یەكێتی سۆڤییەت جیابووەوە و سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، وڵاتەكە لە ساڵی 2004ەوە ئەندامی ناتۆیە و بە یەكێك لە وڵاتە نەیارەكانی رووسیا دادەنرێت.