راچڵەكین -
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە توندی ئیدانەی هێرشەكەی ئەمدواییە بۆ شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەكات و رایدەگەینێت: ئێستا كاتی جێبەجێكردنی دیپلۆماسییەتە و لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا، ئارامگرتن و دانبەخۆداگرتن رێگا راستەكەیە.
سەرۆكی یەكێتی لەو پەیامەدا كە ئەمڕۆ شەممە 12-9-2026 بڵاویكردووەتەوە، ئامادەیی تەواوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دەربڕیوە بۆ ئاسانكاری، پشتگیری و هاریكاریكردن لە هەر هەوڵێكی ئاشتییانە یان دانوستانێك كە ئامانجی گێڕانەوەی سەقامگیری، پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییان، و مسۆگەركردنی ئاشتی درێژخایەن بێت لە سەرتاسەری عیراق و ناوچە فراوانەكەدا.
دەقی پەیامەكە:
هێرشەكەی ئەمدواییە كە شانشینی عەرەبستانی سعودیەی بە ئامانجگرت، پەرەسەندنێكی مەترسیدارە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و ناوچەكە بە گشتی دەكات. بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشانە و هەر كردەوەیەكی توندوتیژ دەكەین كە ژیانی هاوڵاتییان بخاتە مەترسییەوە، سەروەریی نیشتمانی پێشێل بكات، و ببێتە هۆی ناسەقامگیری پەیوەندییە ناوخۆیی و ناوچەییەكان.
لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا، ئارامگرتن و دانبەخۆداگرتن رێگا راستەكەیە. سەرەڕای ئەوەی كە تۆمەتباركردن و ئینكارییكردنی یەكتر ئاماژەن بۆ هەستیاریی دۆخەكە، بەڵام بەردەوامبوونی گرژییەكان مەترسیی ئەوەی هەیە ناوچەكە بەرەو پەككەوتن و پێكدادانێكی قووڵتر و پێشبینی نەكراو ببات. بەپەلە داوا لە سەرجەم لایەنەكان دەكەین كە ئارامی خۆیان بپارێزن و خۆیان لە هەر رێوشوێنێكی تۆڵەسەندنەوە یان وتارێكی تووند دوور بخەنەوە كە دۆخەكە بەرەو خراپتر ببات.
ئێستا كاتی جێبەجێكردنی دیپلۆماسییەتە. دەبێت لێكۆڵینەوە لەم هێرشانە بكرێت و هێوركردنەوەی دۆخەكە بكرێتە پێشینە بۆ ئەوەی دەرفەتی پێویست بۆ گفتوگۆیەكی بونیاتنەر و بێپچڕان لە نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و لایەنە خۆجێییەكاندا دابین بكرێت. ئاسایشی ڕاستەقینە لە ڕێگەی هێزەوە بەدی نایەت، بەڵكو لە رێگەی مامەڵەی شەفاف و پابەندبوونێكی هاوبەشەوە بە سەروەریی نیشتمانی و ناوچەییەوە دەبێت.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تەواوی ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئاسانكاری، پشتگیری و هاریكاریكردن لە هەر هەوڵێكی ئاشتییانە یان دانوستانێك كە ئامانجی گێڕانەوەی سەقامگیری، پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییان، و مسۆگەركردنی ئاشتی درێژخایەن بێت لە سەرتاسەری عیراق و ناوچە فراوانەكەدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان