سەرۆککۆماری عێراق: قبوڵی ناکەین خاکەکەمان بۆ هێرش بەکاربهێنرێت

عێراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 230

راچڵەکین-

نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند، عێراق بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات خاک یان ئاسمانی وڵاتەکەی ببنە سەکۆیەک بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.

لە بەیاننامەیەکدا ئامێدی جەختی لەوەکردەوە، پاراستنی سەروەری عێراق و پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، لە ئەستۆی حکومەت و دامەزراوە یاساییەکانی وڵاتدایە.

ئەم وەڵامەی سەرۆککۆمار دوای ئەوە هات کە ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کرد فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەی هێڵی نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای عەرەبستانی سعودیە کراوە.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە درۆنەکە لە پارێزگای میسانەوە هەڵدراوە، و بەو هۆیەوە بڕیاری دا فەرماندەی سەربازی ئەو پارێزگایە لە سەر کارەکەی لابدات.

لەلایەکی دیکەوە و لە درێژەی کاردانەوە دیپلۆماسییەکاندا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و شازاده فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە.

پارێزگای میسان کە ناوەندەکەی شارۆچکەی عەمارەیە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێران، کە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هێرشە درۆنییەکەی لەو ناوچەیەوە ئەنجام درابوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن