راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەبەغدادەوە تەمویلی مووچەی مانگی ئاب خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، بڕی ( ٨٣١،٦٦٦،٠٠٠،٠٠٠) هەشت سەدو سی و یەك ملیارو شەش سەدو شەست و شەش ملیۆن دینار وەك تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق.
هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی ( ١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دیناری وەك پشكی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە كۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
ئەوە سەرەڕای ئەوەی بڕی ( ٦،٠٣٠،١٦٦،٥٤٥ ) شەش ملیارو سی ملیۆن و سەدو شەست و شەش هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاب نەناردووە كە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەكانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، دوای تەواوكردنی ڕێكارەكان و وەرگرتنی پارەكە بەشێوەی كاش لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەكرێتەوەو لە نزیكترین كاتدا دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب دەكرێت.