راچڵەكین-
دەستەی دەستپاكی عیراق گەندەڵیەكی نوێی ئاشكراكرد كە خۆی دەبینێتەوە لە كڕینی 170 خانووبەرە ( عەقارات) لەهەردوو پارێزگای بابل و بەغداد لەلایەن تۆڕێكەوە كە بەهاكانیان دەیان ملیار دیناری عیراقییە.
دەستە دەستپاكی عیراق ڕۆژی سێشەممە لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای بەدواداچوونی وردی تیمەكانیان لەبابل، توانرا ئەو تۆڕە ئاشكرا بكرێت كە لەنۆ كەس پێكهاتوون، هاوكات بەرپرسی تۆڕەكە كە بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەیە لە شارۆچكەی ئەبی غەرەق دەستگیركراوە كە تەنها خۆی خاوەنی چەند موڵكێك و دوو باڵەخانەی بازرگانی بووە لە ناوەندی حللە.
ئەو تۆڕەی ئاشكراكراون، ئەندامەكانی تۆمەتبارن بەكڕینی 170 خانووبەرە لە بابل و بەغداد و تۆماركردنیان بەناوی كەسانی تر وەك خزمەكانیان و هاوڕێیانیان بەمەبەستی شاردنەوەی خاوەندارێتیان و خۆ دەربازكردن لە وردبینی دارایی، جگە لەوە ئەو تۆڕە هەوڵیانداوە بەڵگەنامەكانی تایبەت بە خانووبەرانە لەناو ببەن بەئامانجی شاردنەوەو ونكردنی خاوەندارێتیەكەی كە ژمارەیەكیان زەوی دەوڵەتن.
دەستەی دەستپاكی ڕوونیكردووەتەوە، بەشێك بەڵگەنامەكانی ئەو خانووبەرانە لەنێو جانتایەكدا دۆزراونەتەوە لەناو گژو گیاو بەشێكی تریان لە چەمی حللە دەرهێنراوەتەوە كە هەوڵی لەناوبردنیان دراوە.
هاوكات دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لەبابل، بەگوێرەی حوكمەكانی هەردوو مادددەی (289 و 298) فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تەواوی ئەندامانی ئەو تۆڕە دەركردووە.