راچڵەكین-
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كە یەكێكیان تایبەتە بەپێشمەرگە كۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی ئەو كارنامەیە بێت كە بڵاوكراوەتەوە، كاتژمێر 10:00ی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە 23ی ئەیلولی 2026 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات، كە دوو تەوەر لەخۆدەگرێت.
بە گوێرەی كارنامەی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، تەوەری یەكەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری كاروباری پێشمەرگە كە تایبەتە بە پڕۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەت و هەنگاو و پلانەكانی قۆناغی داهاتوو.
هاوكات، خستنەڕووی هەوڵەكان بۆ یەكسانكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاكانیان لە دامەزراوەكانی بەرگریی حكومەتی فیدراڵی، لەگەڵ تەرخانكردنی پێداویستییە داراییەكان لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەكاندا.
لە تەوەری دووەمدا پێشنیاری بەكاركردنی یاسای فیدراڵیی كۆمپانیا گشتییەكانی ژمارە (22)ی ساڵی 1997ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان، لەسەر پێشنیاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی دەخرێنەڕوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی یەكخستنی تەشریعاتی بازرگانی و ئابووریی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی.