راچڵەكین
هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە شاری تكریت، دەستبەسەر حەشارگەیەكی گەورەی تیرۆریستانی داعشدا دەگرن، كە تایبەت بووە بە دروستكردنی بۆمبی لكێنراو.
بەگوێرەی راگەیاندراوێكی شانەی راگەیاندنی جەنگ سەر بە وەزارەتی بەیرگری عێراق، ئەمڕۆ 21-5-2020، هێزە ئەمنییەكان لەمیانەی پرۆسەیەكی گەڕان و پشكنیندا لە سەنتەری شاری تكریت لە پارێزگای سەڵاحەدین، حەشارگەیەكی تیرۆیستانی داعشیان دۆزیوەتەوە، كە وەك كارگەیەكی بەرهەمهێنانی بۆمبی لكێنراو بەكاریان هێناوە.
راگەیاندراوەكە ئاشكرایكردووە، هێزەكە لەناو حەشارگەكەدا دەستی بەسەر ژمارەیەكی زۆر بۆمبی دەستی و تەقەمەنی و 8 مۆبایلدا گرتووە، كە ئامادەكرابوون بۆ تەقاندنەوە.
شانەی راگەیاندنی جەنگ ئاماژەی بەوەشكردووە، كارگەكە چۆڵ بووەو هیچ كەسێكی لێ نەبووە، سەرجەم كەرەستە دەستبەسەرداگیراوەكانیش لە شوێنێكی چۆڵ تەقێندرانەوەو لەناوبران.