راچڵەكین-
ماڵپەری شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوكردەوە.
بەگوێرەی ئەو داتایانە بێت كە ماڵپەری شەفافیەت بڵاویكردوونەتەوە، داهاتی نانەوتی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە 3 تا 9ی تشرینی یەكەم بڕی (7) ملیارو (950) ملیۆن و (743) هەزارو (591)دینار بووە، لە (86%)ـی داهاتەكە نەختینەیە و (14%) چەكە.
داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەرێژەی 43.226% كەمیكردووە دەكاتە بڕی 6 ملیار دینار، بەجۆرێك داهاتی نانەوتی لە 26ی ئەیلول تا 2ی تشرینی یەكەم بریتیی بوو لە (14) ملیارو (4) ملیۆن و (317) هەزارو (184) دینار.
ماڵپەڕی شەفافیەت لە 8 بەش پێكدێت و لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی دەكرێت و دروشمەكەی "بە سیستمكردن و دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانی هاوڵاتییان لە دامودەزگاكانی حكومەت"ـە.