بەغدا.. چوار بیانی بە تۆمەتی كوشتنی هاووڵاتییەك دەستگیركران

عێراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 136

راچڵەكین -

فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا دەستگیركردنی چوار هاووڵاتی بیانی راگەیاند كە تۆمەتبارن بە كوشتنی هاوولاتییەك لە عەلوەی بەغدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا / كەرخ، كە ئەمڕۆ هەینی 9-10-2026 بڵاوكراوەتەوە، هێزەكانی پۆلیس بە هەماهەنگیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك، توانییان چوار تۆمەتبار لەسەر رووداوێكی كوشتن كە رۆژی 1ی ئەم مانگە لەناو عەلوەی ناوەندیی بەغدا روویدابوو، دەستگیر بكەن.

پۆلیسی كەرخ ئاشكرایكردووە، دوای ئەوەی رۆژی 1ی ئەم مانگە شەڕ لەنێوان چەند كەسێك لەناو عەلوەی ناوەندیی بەغدا روویدا، هاووڵاتییەك بە چەقۆ بریندار بوو، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەكەی گیانی لەدەستدا، لەئەنجامی لێكۆڵینەوەی پۆلیس، دەركەوت چوار تۆمەتباری رووداوەكە، كە هاووڵاتیی بیانین، بەرەو ناحیەی قەرەهەنجیر لەسنووری پارێزگای كەركوك هەڵاتوون.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە هەڵمەتێكی ئەمنیدا بە هاوكاریی فەرماندەیی پۆلیس و پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ئەو پارێزگایە، توانرا هەر چوار تۆمەتبارەكە دەستگیر بكرێن، لەئێستاشدا لەژێر لێكۆڵینەوەدان و دوای تەواوبوونی رێكارە یاساییەكان، رادەستی دادگا دەكرێن بەمەبەستی دادگاییكردنیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن