راچڵەکین-
رۆژنامەی «مەعاریڤ»ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، واشنتۆن لە دوو هەفتەی ڕابردوودا داوای لە ئیسرائیل کردبوو بە تەنیا هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام دواتر لە داواکەی پاشگەز بووەتەوە.
ئەم پاشگەزبوونەوەیە دوای ئەوە هات کە ئایال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، هۆشداری دا لەوەی ئەنجامدانی ئەو هێرشە رەنگە ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت.
بەپێی راپۆرتەکە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دژی بەشداریی هێزەکانی ئەمریکا یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش بووە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانی لە کاریگەریی لێدان لە ئێران لەسەر هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی داهاتوودا.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە زامیر بە لایەنی ئەمریکی وتووە هێرشەکە بە ئەگەری زۆرەوە کاتی هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل دوا دەخات و لە ئێستادا ئەم رێڕەوە راوەستاوە بێ ئەوەی دیار بێت بە یەکجاری هەڵوەشاوەتەوە یاخود نا.
ئەم پێشنیارە لە لایەن ئەمریکاوە بەستراوەتەوە بە ترس لە گەڕانەوەی تواناکانی ئێران لە دروستکردنی مووشەکی بالیستی و درۆن لەم ماوەیەدا کە جەنگ راوەستاوە.
بەو پێیەی ئیدارەی ئەمریکا ترساوە لەوەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان زیان بە دەرفەتەکانی پارتی کۆماری بگەیەنێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو، لەبەرامبەردا پێیان وابووە هێرشی ئیسرائیل پێش هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی بێنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیران دەشکێتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە خشتەی کاری ناتانیاهۆ لە هەفتەی رابردوودا چەندین پەیوەندی و سەردانی ئەمنیی "هەستیار"ی لەخۆ گرتووە، لە کاتێکدا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەمریکا، سوپای ئیسرائیل یان نووسینگەی ناتانیاهۆوە لەسەر ئەم داوایە نەدراوە.
لە لایەکی ترەوە، ئاژانسی بلۆمبێرگ لە زاری بەرپرسانی رۆژئاواییەوە بڵاویکردەوە کە سەرەڕای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران تواناکانی دروستکردنی مووشەک و درۆنی پاراستووە کە رێگەی پێ دەدات کۆگا سەربازییەکانی پڕبکاتەوە.