تیرۆریستێكی داواكراو لەلایەن هێزەكانی دژەتیرۆرەوە دەستگیركرا

کوردستان

33 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 99

راچڵەكین -

هێزەكانی دژەتیرۆر تیرۆریستێكی داواكراو لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر دەكەن، كە بەشداریی لە چەندین كردەوەی تیرۆریستی و شەڕی دژ بە هێزە ئەمنییەكان كردووە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 11-10-2026، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانی پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگریی ورد و بەدواداچوونی بەردەوام، توانیان تیرۆریستێك لە ناوچەی باینجان-ی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر بكەن.

تیرۆریستە دەستگیركراوەكە ناوی (حكم ردام محمد الرفیعی) ناسراو بە (ابو الحكم)، خەڵكی پارێزگای سەڵاحەدینە و چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامیی بووە لە فرقەی (ژات الصوار)ـی لیوای (عەبدوڵای كوڕی عومەر)، بەشداری چەندین كار و چالاكی تیرۆرستی و شەڕی دژ بە هێزە ئەمنییەكان كردووە، دوای ڕووخانی دەوڵەتی ئیسلامی هاتووەتە سنوری پارێزگای سلێمانی و لە ناوچەی باینجان نیشتەجێ بووە.

دژەتیرۆر ئاماژەی بەوەكردووە، تیرۆریستەكە فەرمانی دەستگیركردنی هەیە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا بە ماددەی 4ـی تیرۆر، دەستبەجێ پاش دەستگیركردنی ڕادەستی یاسا كرا بە مەبەستی سزادانی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن