قەرز بەرامبەر ئەندامانی جەستە.. نهێنی ئەو باندەی ئەم كارەیان ئەنجامداوە

عێراق

52 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 67


راچڵەكین-

پێدانی قەرز بەكەسانی هەژار دەكرێتە تەڵەیەك بۆیان و كۆتاییەكەشی بەڕازیبوونیان بە فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیان بەرامبەر لێخۆشبوون لەقەرزەكە كۆتایی دێت. ئەم چیرۆكە لەبەغدادی پایتەختی عیراق ڕوویداوە.

وەزارەتی ناوخۆی عیراق هەڵوەشاندنەوەو دەستگیركردنی ئەندامانی باندێكی لە بەری رەسافەی بەغداد راگەیاند كە تۆمەتبارن بەوەی بڕێك پارەیان بەسوودێكی زۆر داوە بەو خێزان و كەسە هەژارنەی كە پێویستیان پێبووە، هەر كاتێكیش ئەو كەسانە لەدانەوەی قەرزەكانیان دواكەوتبن یاخود نەیانتوانیبێت بیدەنەوە، ئەوا ناچاریان كردوون ئەندامەكانی جەستەیان بەتایبەت گورچیەیان بفرۆشن پێیان قەرزەكانیان پاك بكەنەوە.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەی ناوخۆی عیراقدا هاتووە، باندەكە لە چوار كەس پێكهاتوون، كەدوانیان ژن بوون، لەگەڵ دەستگیركردنیشیان دەستگیراوە بەسەر مۆبایلەكانیان و ژمارەیەك تۆماردا كە بەڵگەكانی پێدانی قەرز بەهاوڵاتییان و مامەڵەكردن لەگەڵیان بۆ فرۆشتنی ئەندامەكانی جەستەیانی تێدا بووە.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو باندە گەڕاون بەدوای ئەو كەسانەی كێشەی دارایی تەنگی پێهەڵچنیوون، و بەپێدانی قەرز یاخود سولفە لەخشتەیان بردوون بەڵام بەكۆمەڵێك مەرجی زۆر قورس و ئاستەم، دواتر كە ئەو كەسانە نەیانتوانیوە قەرزەكانیان بدەنەوە ناچاریان كردوون یەكێك لەگورچیلەكانیان بفرۆشن.

لەڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی عیراقدا هیچ ئاماژەیەك بەژمارەی ئەو كەسانە نەكراوە كە ڕوبەڕووی ئەو دۆخە بوونەتەوە، یاخود باندەكە توانیویانە بەكرداری پرۆسەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ گواستنەوەی ئەندامەكانی جەستەی قوربانییەكان ئەنجامبدەن، هەروەك دەرئەنجامی كۆتایی لێكۆڵینەوەكانیش نەخراوەتەڕوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن