راچڵەكین -
دەستەی دەستپاكیی عیراق رایدەگەیەنێت، چەندین تۆمەتبار كە لەسەر كەیسی گەندەڵی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە و بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵاتبوون، رادەستی عیراق كرانەوە بەمەبەستی دادگایی كردنیان.
دەستەكە ئەمڕۆ سێشەممە 13-10-2026، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی رێككەوتنی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەستگیركردنی تۆمەتباران، حكومەتی میسر ژمارەیەك هاووڵاتیی عیراقی كە نیشتەجێی ئەو وڵاتەن و لە كەیسی گەندەڵییەوە تێوەگلاون، رادەستی بەغدای كردەوە.
دەستەی دەستپاكیی بەبێ ئاشكراكردنی ژمارەی دەستگیركراوەكان، روونیكردووەتەوە، ئەو تۆمەتبارانەی رادەستی عیراق كراونەتەوە، لەلایەن دادگانەوە داواكراون بە تۆمەتی گەندەڵی و دوای ئاشكرابوونی كەیسەكانیان و دەرچوونی فەرمانی گرتنیان، وڵاتیان جێهێشتووە و بەرەو میسر هەڵاتوون.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرجەم تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان، رێكاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و رادەستی دادگا كراون بەمەبەستی دادگاییكردنیان.