راچڵەكین -
بارەگای بارزانی رەخنە لە بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی ئەمساڵی دیداری مێری دەگرێت كە نەیتوانیوە لە بانگهێشتكردنی میوانان و پەنێڵەكانیدا ڕەچاوی فرەلایەنیی سیاسی و بەشداریی لایەنە سیاسییەكانی بەشەكانی تری كوردستان بكات، راشیدەگەیەنێت: (مێری) هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوێك لە بارەگای بارزانییەوە
لەبارەی بەڕێوەچوونی دیداری میری 2026 لە شاری هەولێر، جێگەی داخە كە ئەم كۆڕبەندە ئەمساڵ نەیتوانیوە بە شایستەیی لە بانگهێشتكردنی میوانان و پەنێڵەكانیدا ڕەچاوی فرەلایەنیی سیاسی و بەشداریی لایەنە سیاسییەكانی بەشەكانی تری كوردستان بكات. لە دیدارێكی ئاوا گرنگدا، پێویست بوو نوێنەرایەتیی دۆزی گەلی كورد لە بەشەكانی تری كوردستان بە بەشداریی سەرجەم لایەنەكان ڕەنگ بداتەوە.
ئەم جۆرە مامەڵەكردنە نیگەرانیی خەڵكی تێكۆشەر و ڕەسەنی بەشەكانی تری كوردستانی لێكەوتووەتەوە و دەبێتە هۆی قووڵكردنی پەرتەوازەیی و دووبەرەكیی نێوان ڕۆڵەكانی گەلی كوردستان. هەموو لایەكیش ئاگادار دەكەینەوە كە (میری) هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە.