راچڵەكین -
ئاستی هەناردەكردنی نەوتی خاوی عیراق لە مانگی ئەیلول بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوەو كۆی داهاتەكەشی لە حەوت ملیار دۆلار نزیكدەبێتەوە.
نەبیل مەرسومی، شارەزای كاروباری ئابووریی عیراق، بڵاویكردەوە، وەزارەتی نەوتی عیراق لە مانگی ئەیلولدا رۆژانە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، كە تێكڕای هەناردەكردن لەو مانگەدا گەیشتووەتە 102 ملیۆن بەرمیل.
ئەو شارەزا ئابوورییە ئاشكراشیكردووە، تێكڕای نرخی فرۆشراوی هەر بەرمیلێك نەوتی عیراق لە مانگی ئەیلولدا 68 دۆلار بووە، بەمەش كۆی داهاتەكەی لەو مانگەدا لە هەناردەكردنی نەوت شەش ملیار و 962 ملیۆن دۆلار بووە.
نەبیل مەرسومی باسی لەوەشكردووە، ئاستی هەناردەكردنی نەوتی عیراق لە مانگی ئەیلول، زۆر نزیكە لەو ئاستەی بەر لە داخستنی گەرووی هورمز لە مانگی شوباتی ئەمساڵ هەناردەی كردووە.
لەبارەی بڕیارەكەی حكومەتی عیراقیش بە دابەزاندنی نرخی دینار لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، نەبیل مەرسومی رایگەیاندووە، دۆخی ئابووریی عیراق زۆر باش بووە، هەربۆیە هیچ بەهانەیەك نەبوو بۆ دابەزاندنی نرخی دینار.