راچڵەكین-
ئەمریكا تاوتوێی بەكارهێنانی یەكێك لە زەبەلاحترین بۆمبەكانی دەكاتەوە لە ئەگەری سەرهەڵدانی گەڕێكی نوێی جەنگی ئێران، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەو بۆمبە توانای لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانی هەیە كەلەنێو چیاكاندا بەشێوەیەكی تۆكمە دروستكراون، یاخود هێزە وێرانكەرەكەی توانای بەدیهێنانی ئەو ئامانجە سەربازیانەی هەیە كە لە هێرشەكای پێشووتردا نەتوانراوە بەدی بهێنرێن؟
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی تۆڕی سێ ئێن ئێن كەلەزاری بەرپرسانی ئەمریكا بڵاویكردووەتەوە، پلانە سەربازییە داهاتووەكانی ئەمریكا خۆیان دەبیننەوە لەبەكارهێنانی بۆمبی GBU-43/B ناسراو بە " دایكی بۆمبەكان" دژی چەند ئامانجێكی سەربازی ئێران لەنێویاندا دامەزراوەكانی وزە و پێگەكانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی، ئەگەر بێتو دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بریاری دەستپێكردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان بدات.
بەڵام ئەوەی تێبینییە لەسەر ئەم بۆمبە ئەوەیە كە لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە دروست نەكراوە پێگە پارێزراوە قوڵەكان ببڕێت و لەناویان ببات، هەر ئەوەش وایكردووە گومان لە كاریگەرییەكانی بكرێت بۆ لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییە حەشاردراوەكانی ئێران كەبەچەندین چین لەبەرد داپۆشراون.
بەگوێرەی سی ئێن ئێن بێت، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا داوای لە دامەزراوەی سەربازی وڵاتەكەی كردووە بژاردەی تر ئامادە بكەن بۆ لێدانی ئێران كە دامەزراوەكانی وزەو پێگە ئەتۆمییەكان لەخۆ بگرێت لەنێویاندا پێگەی " چیای تەور" كە گومان دەكرێت چالاكی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی تێدا ئەنجام بدرێت.
" دایكی بۆمبەكان" چییە؟
بۆمبی GBU-43/B كەكورتكراوەكەی MOAB ە، بەیەكێك لەبۆمبە بەهێزە كلاسیكەكانی نێو جبەخانەی ئەمریكا ئەژمار دەكرێت، كێشی نزیكەی 9.8 تۆن و درێژییەكەی 9.4 مەترە، سیستمێكی ئاڕاستكراوی تێدا بەكاردەهێنرێت كە پشتی بە مانگە دەستكردەكان بەستووە.
بۆ یەكەمجار ئەم بۆمبە لەساڵی 2003 تاقیكردنەوەی لەسەر ئەنجامدراوە، پێش ئەوەی بەشێوەیەكی كرداری لەساڵی 2017 بەكاربهێنرێت كاتێك ئەمریكا تۆڕێكی تونێلی داعشی لە ویلایەتی نەنگەرهاری ئەفغانستان پێكردە ئامانج.
ئایا ئەم بۆمبە توانای وێرانكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانی هەیە؟
لەكاتێكدا دایكی بۆمبەكان وا دروستكراوە كەتەقینەوەی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت، بۆمبیی57-GBU پەرەی پێدرا كە كێشی نزیكەی 13.6 تۆن دەبێت و بەتایبەت بۆ بڕینی ناوچە تەواو پارێزراوو قوڵەكان بەكاردەهێنرێت پێش ئەوەی بتەقێتەوە.
ئەوەش بەو واتایە دێت كە دایكی بۆمبەكان كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر لەناوبردنی باڵەخانەو شوێنە نزیكەكان لەسەر ڕووی زەوی ، بەڵام گرەنتی ئەوەی ناكرێت كە بگاتە بە قوڵایی زەویی و ناوچە تۆكمە زۆر قوڵەكان.