راچڵەكین-
دەزگای هەواڵگری گشتی سوریا دەستگیركردنی عەلی كیالی ناسراو بە " میعراج ئۆڕاڵ"ی راگەیاند كە بە ئەندازیاری كۆمەڵكوژییەكەی بانیاس لە ساڵی 2013 ئەژمار دەكرێت.
ئاژانسی سانا بڵاویكردەوە، كیالی لەسەردەمی رژێمی بەعس لەسوریا گرووپێكی چەكداری پێكهێناوە كە شانبەشانی هێزەكانی سەر بەڕژێمی بەشار ئەسەد بەشداربووە لە سەركوتكردنی هاوڵاتییانی سوریا لەكاتی شوڕش و ڕاپەڕینەكانی ئەو وڵاتە.
میلیشایەكەی كیالی لەچەندین كۆمەڵكوژی لەناوچە جیاجیاكانی سوریا بەشداریان كردووە دیارترینیان لەناوچەی بانیاس كە بەهۆیەوە زیاتر لە 463 هاوڵاتی مەدەنی كوژران ( 92 منداڵ و 71 ژنیان لەناودابووە).
عەلی كیالی ساڵی 1956 لە ویلایەتی هاتای توركیا لەدایكبووە، دوای هەڵاتنیشی لەو وڵاتە لە 1982 بەهۆی خزمایەتییەوە لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد، مامەڵەی تایبەتی لەگەڵدا كراوە.
بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەكەی سوریا بێت كیالی بەیەكێك لەپلانداڕێژەرانی ئەو تەقینەوەیە دادەنرێت كە دەزگای هەواڵگری سوریا لە شاری ریحانیەی توركیا لەساڵی 2013 ئەنجامیداو بەهۆیەوە 53 كەس كوژران و دەیانی تر برینداربوون.