فایەق زێدان داوای هەمواركردنەوەی دەستووری عیراق دەكات

عێراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 89

راچڵەكین-

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق دەڵێت، كێشە لە جێبەجێكردن و لێكدانەوەی بڕگەكانی دەستووردا هەیەو پێویستە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بڕگەكانی هەموار بكرێتەوە.

فایەق زێدان، لە 21 ساڵەی راپرسی لەسەر دەستوری هەمیشەیی لە 2005دا، پەیامێكی بڵاوكردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو دەیە لە نوسینەوەی دەستور، ئەزموون دەریخست كێشە هەیە لە جێبەجێكردن و لێكدانەوەی دەستوردا، ئەمە بووەتە هۆی پەكخستنی شایستە دەستورییەكان، لەوانە ئەوەی پەیوەندیدارە بە (زۆرینەی پەرلەمانی، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، دیاریكردنی كوتلەی زۆرینەی پەرلەمان و ئەو بڕگانەی تر كە مشتومڕیان لەسەر بوو). 

" پەرلەمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی و مێژووییدایە بۆ پێداچوونەوە بە حوكمەكانی دەستوور و ئەنجامدانی هەمواری پێویست، بەگوێرەی ئەو میكانیزمانەی دەستوور دیاریی كردوون، بە شێوەیەك كە هاوتەریبی خواست و ئیرادەی گەل بێت." سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق وا دەڵێت.

لەدەستووری عیراقدا هاتووە، سەرۆككۆمارو ئەنجوومەنی وەزیران پێكەوە، یان پێنجیەكی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانن پێشنیازی هەمواری دەستوور بكەن، بەڵام نابێت هەموارەكە لە دەسەڵاتی هەرێمەكان كەم بكاتەوە، هەروەها پێویستە هەمواری پێشنیازكراو لە ڕاپرسییەكدا پەسەند بكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن