راچڵەكین -
وەزارەتی دەرەوەی توركیا پێشوازیی لە متمانەدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە تەواوكاریی كابینەی حكومەتی ئەو وڵاتە دەكات و پێدانی پۆستێكی وەزارییش بە توركمان بە هەنگاوێكی راست بۆ پتەوكردنی سەقامگیریی سیاسی وەسفدەكات.
ئەمڕۆ هەینی 16-10-2026، وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەندراوێكدا هیوای سەركەوتنی بۆ حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی خواست دوای متمانەدان بە تەواوكاریی كابینەكەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە خێراكردنی هاوكاریی نێوان عیراق و توركیا لە بوارەكانی وزە و ئاو و ژێرخانی ئابووری و ئاسایش، بەتایەتیش پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پێدانی پۆستی وەزیری دەوڵەت بە محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆكی بەرەی توركمانی، هەنگاوێكە بە ئاڕاستەی راست بۆ پتەوكردن و بەهێزكردنی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە عیراق و دەستەبەكردنی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە بۆ پێكهاتەی توركمان.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا جەختی لەوەكردەوە كە وڵاتەكەی خواستێكی بەهێزی هەیە بۆ قووڵكردنەوەی هاوكاری و هەناهەنگییەكانی لەگەڵ عیراق لەسەرجەم بوارەكاندا.
دوێنێ پێنجشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە دانیشتنێكدا متمانەی بە تەواوكاریی كابینەی حكومەتی عیراق دا، كە پەسەندكردنی سێ جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزارەتە بەتاڵەكان و چەند وەزارەتێكی تازە دروستكراو، كە یەكێك لەو وەزارەتانە، وەزارەتی دەوڵەتە و بە محەمەد سەمعان، سەرۆكی بەرەی توركمانی درا.