لەسەر كەیسی بەقاچاخبردنی نەوت ژمارەیەك بەرپرس لەسەركار لادەدرێن

عێراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 141

راچڵەكین -

عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، بڕیاریدا سەرجەم ئەو كەسانەی لە كەیسی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف ئەلنەسڕ تێوەگلاون، بدرێنە دادگا و ژمارەیەك بەرپرس و فەرماندەی ئەمنیشی لەكارەكانیان دوورخستەوە.

ئەمڕۆ شەممە 14-11-2026، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەمنی كرد كە تایبەت بوو بە تاووتوێكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە پرسی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف ئەلنەسڕ-ی سنووری پارێزگای بابل.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیادنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لیژنەكە سەرجەم ئەو زانمیارییانەی سەلماند كە نەوت لەو ناوچەیە بە قاچاخ دەبرێت و پاڵاوتگەی نەوتیش لەناوچەكە هەیە، لەسەر بنەمای ئەنجامی راپۆرتەكەش، عەلی زەیدی بڕیاریدا سەرجەم ئەو كەسانەی لەو بابەتە تێوەگلاون، بدرێنە دادگا، هەروەها بڕیاریشیدا بە لەسەركاربردنی هەریەك لە:

فەرماندەی پۆلیسی بابل، بەڕێوەبەری پۆلیسی باكووری بابل، بەڕێوەبەری هەواڵگری و دژەتیرۆری بابل لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانیی لە بابل، بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای بابل لە وەزارەتی بەرگری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل، ئامری لیوای شەش لە پۆلیسی وزەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەربەری كۆمپانیای هێڵی بۆری نەوت لە وەزارەتی نەوت.

عەلی زەیدی سەرجەم فەرماندە ئەمنییەكای ناوچەكەشی بەرپرسیار كرد لە هەر پرۆسەیەكی بەقاچاخبردنی نەوت لەسنووری دەسەڵاتی ناوچەكانیان، جەختیشی كردەوە كە نابێ هیچ بستێك خاكی عیراق هەر لە زاخۆوە تا بەسڕە، قاچاخچییەتی نەوتی تێدا بكرێت و یاریی بە سامانی گشتیی وڵات بكرێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن