یەكێك لەو بەندكراوانەی سلێمانی رادەستی عیراقی كردەوە درایە دادگا

عێراق

22/05/2020     ژمارەی بینراو 519

راچڵەكین

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی سامەرا ئاشكرایكرد، یەكێك لەو بەندكراوانەی لەسلێمانییەوە رادەستی كەركوك كرایەوە، بكوژی رۆژنامەنوس ئەتوار بەهجەتە و بەشداریش بووە لەتەقاندنەوەی دوو مەزارگەكەی شیعە لەسامەرا.

میدیاكانی یەكێتی بڵاویانكردەوە، لیوا روكن عیماد زوهێری فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی سامەرا، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە، یەكێك لەو بەندكراوانەی سلێمانی رادەستی حكومەتی عیراقی كردووەتەوە، خاوەن دۆسێیەكی تاوانكاریی گەورەیە و ئەنجامدەری دەیان تاوانی جۆراوجۆرە، لەنێویاندا كوشتنی رۆژنامەنوس ( ئەتوار بەهجەت )، كە پێش 16 ساڵ كوژرا و هاوكات بەشداریش بووە لە تەقاندنەوەی هەردوو مەزارگەكەی شیعە لەسامەرا و دەیان كارمەندی هێزە ئەمنییەكانیشی لەسنوری سەڵاحەدین كوشتووە.

ئەو فەرماندە سەربازیە، راشیگەیاند كە تیرۆریستەكە ناوی ( عەباس ئیبراهیم رەحمانی)یە و ناسراوە بە ( عەباس عەنیدە )، ماوەی دوو ساڵ بووە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سلێمانییەوە دەستگیركراوە، لەئێستاشدا دوای رادەستكردنەوەی بەهێزە سەربازییەكانی عیراق، گواستراوەتەوە بۆ تكریت بەمەبەستی لێكۆڵینەوە.

فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی سامەرا ئاشكراشیكردووە، لەئێستادا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەئەفسەرانی لێكۆڵینەوەی تكریت پێكهێنراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەكان هەڵدراونەتەوەو داوا لەسكاڵاكار و شاهیدەكانیش كراوە لەبەردەم دادگا ئامادەبن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن