نەتەوە یەكگرتووەكان: لە خۆپیشاندانەكانی عێراقدا ٤٩٠ خۆپیشاندەر كوژراون

عێراق

23/05/2020     ژمارەی بینراو 231

راچڵەكین-

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند،لە میانی خۆپیشاندانەكانی عێراقدا لە مانگی تشرینی یەكەم تا مانگی ئاداری رابردوو٤٩٠ خۆپیشاندەر كوژراون و تائێستا ٢٥خۆپیشاندەری تر بێ سەروشوێنن.

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" لە میانی خۆپیشاندانەكانی بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە دەستی پێكراوە تا مانگی ئاداری ئەمساڵ،٤٩٠ خۆپیشاندەر كوژراون و حەوت هەزار و ٧٨٣ی دیكەیش برینداربوون".

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ٢٣ی كانوونی دووەمی رابردوو رایگەیاندبوو، لە خۆپیشاندانەكانی عێراقدا، ٦٠٠ كەس كوژراون.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، هەر لەمیانی خۆپیشاندانەكانی عێراقدا لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو تا ئاداری ئەمساڵ، ١٢٣كەس رفێندراون كە ٩٨یان ئازادكراون و هێشتا ٢٥ی دیكەیان بێ سەروشوێنن.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩دا لە عێراق كە خۆپیشاندانەكان تەشەنەیان سەند، بە چەكی نیشان شكێن تەقە لە خۆپیشاندەران دەكرا، بەو هۆیەشەوە سەدان خۆپیشاندەر كوژران كە نەدەزانرا كێن و لە كوێوە تەقە دەكەن. حكوومەتیش روونكردنەوەی باوەڕپێكراوی لەو بارەیەوە نەخستەڕوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن