راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشانداوە بەرامبەر ئەو مەرجانەی دارایی عیراق خستوویەتییە روو لەگەڵ نووسراوی رەوانەكردنی 400 ملیار دینار.
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەنووسراوێك كە واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی بەسەرەوەیە هاتووە:" بۆ بەڕێز عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵیی، ئاماژە بەنووسراوتان ژمارەی 802 لە رێكەوتی 19-5- 2020 ، حكومەتی هەرێم بە بڕگەكانی ناو نوسراوەكەتان رازییە."
لە نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە، حكومەتی فیدراڵی بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری مانگی نیسان بۆ هەرێمی كوردستان خەرجدەكات، بەڵام پێویستە شاندی هەرێم و بەغدا گفتوگۆی چڕ ئەنجامبدەن، بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی ریشەیی لەنێوان هەردوولا كە ماوەكەی لە ٣٠ رۆژ زیاتر نەخایەنێت.
هەر لە نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتبوو، دیوانی چاوێریی دارایی فیدراڵی بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری هەرێمی كوردستان داهاتی (گومرك و داهاتی خاڵە سنوورییەكان) هەژماردەكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، هەرچەندە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق واژۆی لەسەر رەوانەكردنی 400 ملیار دینار كردووە وەك بەشێك لەمووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام ناردنی ئەو بڕە پارەیە دەكەوێتە دوای دابەشكردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەكانی عێراق.