د. سەروەر عەبدولرەحمان كوردستان لەسەردەمی كۆرۆنادا ئەرشیف دەكات

کەلتوور

04/06/2020     ژمارەی بینراو 826

راچڵەكین

سەرۆكی ئینستیوتی پەی بۆ پەورەردەو گەشەپێدان، كار بۆ بە ئەرشیفكردنی بابەتە پەیوەندیدارەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان دەكات و لەدوو توێی كتێبێكدا لە دوو بەرگ بڵاویدەكاتەوە.

د. سەروەر عەبدولرەحمان، رایگەیاند، لەپێناو بەئەرشیفكردنی ئەو رووداوانەی لەماوەی ساڵی تازەی 2020 بەهۆی پەتای كۆرۆنا (كۆڤید19)ەوە هاتوونەتە كایەوەو دەرەنجامەكانی، لەسەرجەم لایەنەكانی لەهەرێمی كوردستاندا، لەماوەی كەرەنتیندا خەریكی كۆكردنەوەی دۆكیۆمێنت و نوسینەوەی بابەتە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە رەوشەكە بووم لەچوارچێوەی كتێبێكدا، كە لە دوو بەرگدا خۆی دەبینێتەوە بە ناونیشانی (كوردستان لەسەردەمی كۆرۆنادا). 

د. سەروەر روونكردنەوەی لەبارەی كتێبەكەیداو وتی:" بەرگی یەكەمی كتێبەكە، سەرجەم دۆكیۆمێنتە پەیوەندیدارەكان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ یاداشت و تۆماری رۆژانەو وێنەی پەیوەندیدار، دەق وەك ئەوەی كە هەبووەو روویداوە وەك خۆی بەبێ هیچ تێچین و بابەتێكی تر، بۆ ئەوەی بۆ مێژوو بمێنێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد كە بەرگی دووەمی كتێبەكە، لەچوارچێوەی توێژینەوەیەكدا خۆی دەبینێتەوە، وێڕای سەرەتایەك دەربارەی مێژووی پەتا كوشندە جیهانییەكان لە رابردوودا، كە بەرۆكی مرۆڤایەتییان گرتبوو، چەند بەشێكی تری لەخۆگرتووە لە بوارەكانی:  ئابوری و بژێویی هاوڵاتیان و موچەو كەسابەت، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و تێڕوانینی خەڵكی لەسەر پەتاكەو كاردانەوەكانی، ململانێ سیاسییەكان و بەسیاسی كردنی پەتاكە، پەككەوتنی خوێندن و پرۆسەی پەروەردەو زانكۆكان، ئەمانەو چەندان بابەت و باسی تری لەخۆ گرتووە. 

سەرۆكی ئینستیوتی پەی بۆ پەورەردەو گەشەپێدان راشیگەیاند، پەتاكە كوشندەیە و جێگەی مەترسی و تێڕامانە، هەقە بەجددی وەربگیرێت و هیچ ئیعتیبارێك وا لەهاوڵاتیان نەكات لە رێكارەكانی خۆپارێزی بێباك بن.

لەبارەی تەواوكردنی كتێبەكەشی، د. سەروەر عەبدولرەحمان وتی:" بێگومان تەواوكردنی ئەم هەوڵە كاتی زۆری دەوێت، هیوادارم لەپێناو نوسینەوەی ئەم قۆناغە مێژووییە، بتوانم پرۆژەكە تەواو بكەم و پەتاكە لەنیوەی رێگە كۆتایی بە خۆم و پرۆژەكە نەهێنێ‌، لەگەڵ هیوای سەلامەتیم بۆ خەڵكی كوردستان و سەرجەم مرۆڤایەتی".

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن