با هەمومان وەك خێزانەكەی كاك كامەران بین

کەلتوور

15/02/2020     ژمارەی بینراو 2260


راچڵەكین ـ ژوان ئەحمەد

كاتێك دەچیتە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، خێزانێكی پێنج كەسی دەبینیت كە لە چێشتخانەیەكی بچووكی چەند مەتریدا سەرقاڵی ئامادەكردنی خواردن‌و خواردنەوە‌و شیرینی جۆراوجۆرن بۆ ئەو كەسانەی كە تووشی شێرپەنجە بوون‌و لە نەخۆشخانەكەدا دەمێننەوە.

خۆبەخشیی ئەو خێزانە چیرۆكێكی پڕ لە سۆز‌و خەمی لەپشتەوەیە، كە كەمن ئەوانەی بیستویانە یان دەیزانن، مەگەر ئەوانە بن كە لە هیوابون.

خێزانەكەی كاك كامەران، كە هاوڕێی یەك بە یەكی توشبوانی شێرپەنجەن، كوڕەكەیان لە نەخۆشخانەكە بە نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن كۆچی دوایی كرد، دوا داواكاری كوڕەكەیان ئەوەبوو كە خزمەتی نەخۆشخانەی هیوا بكەن.
ئیتر ئەو خێزانە لەوكاتە بەدواوە رۆژانە لە سەعات حەوتی بەیانییەوە تا درەنگانی شەو لە نەخۆشخانەكەدا دەبن‌و خزمەت بە نەخۆشەكان دەكەن، كامەران محەمەد كە سەرۆكی خێزانەكەیە‌و باوكی ئەحمەدە، چیرۆكی ژیانیان‌و كارە خۆبەخشییەكانیان بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە:

ئەحمەد تەمەن 23 ساڵ لە 2015 ڕۆژێك دوای مارەكردنی ئەو كچەی كە دڵخوازی خۆی بوو، نەخۆش دەكەوێت‌و بۆی دەردەكەوێت تووشی شێرپەنجە بووە‌و بۆ نەخۆشخانە بەڕێ دەكرێت. كاتێك بە نەخۆشییەكەی ئەحمەد دەزانرێت كە كات زۆر تێپەڕیوە ، بۆیە خێزانەكەی خانوو‌و ئۆتۆمبێلەكەیان دەفرۆشن‌و دەیبەنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەركردن.

لە دوای گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی جارێكی تر نەخۆشییەكە لە ئەحمەددا سەرهەڵدەداتەوە‌و لە نەخۆشخانەی هیوا دەخەوێنرێت، داوا لە خێزانەكەی دەكات كە هەمان سیستمی خۆراكی پێشوو لە نەخۆشخانەی هیوا جێبەجێ بكەن، ئەو داواكارییەی ئەحمەد دەبێتە دوا داواكاری‌و خێزانەكەشی لە دوای كۆچی دوایی كوڕەكەیان لە مانگی 10ی 2017، بەدڵگەرمییەوە پێشوازییان لێ كرد‌و وازیان لە هەموو شتێكی ژیانیان هێنا‌و دەستیان كرد بە كاركردن لە نەخۆشخانەی هیوا.

لە 2017ەوە تا ئێستە ئەو خێزانە پێنج كەسییە كە دایك‌و باوك‌و برا‌و دوو خوشكی ئەحمەدن، لەپاڵ كوڕێكی تری روحسوك بەناوی فەرمان، ڕۆژانە لە سەعات حەوتی سەر لە بەیانییەوە دەچنە چێشتخانەی نەخۆشخانەكە‌و دەست دەكەن بە ئامادەكردنی خواردن: بەیانیان، ژەمەكانی نیوەڕۆ‌و ئێواران..

ئەو خێزانە بۆ كاتەكانی نێوان ژەمە خۆراكییەكان هەمیشە میوە یان ئاوی میوە جۆراوجۆرەكان‌و شیرینییەكان ئامادە دەكەن‌و پێشكەشی نەخۆشەكانی دەكەن تا كاتی ژەمە سەرەكییەكان برسیان نەبێت.

لای ئەم خێزانە تەنیا ئامادەكردنی خواردن گرنگ نییە، بەڵكو دیزاین‌و چۆنیەتیی بەكارهێنانی قاپ‌و كەوچكەكانیش گرنگی خۆی هەیە، كە بەكار‌هێنانی قاپی شووشە‌و ڕەنگاوڕەنگی‌و قەبارەكەی بۆ ژەمە خۆراكییەكان دەگۆڕێت، خۆراكەكان دەرازێننەوە، تا نەخۆشەكان دڵیان زیاتر بچێتە سەر خواردنەكان‌و بیخۆن بە تایبەت ئەوانەی لە ژورەكانی عەزلدان.

نەخۆشەكان بە جۆرێك لەگەڵ ئەو خێزانە ڕاهاتوون كە ڕۆژانە لە كاغەزدا نامەیان بۆ دەنووسن‌و دەستخۆشییان لێ دەكەن، هەروەها ئەگەر حەزیان لە هەر خواردن‌و میوەیەك بێت لە كاغەزێكدا دەینووسن‌و دەیدەنە ئەم خێزانە.
دوای دەرچونیشیان، لەگەڵ سەردانی پزیشك، بۆتە تەرزێك كە دەبێت سەر لە كامەران‌و خانەوادەكەی‌و كورە روحسوكەكەی تر بدەن‌و چاكۆ خۆشیان لەگەڵ بكەن‌و ئەوجا بچنەوە ماڵەوە.

كاركردنی ئەم خێزانە بەردەوامە‌و بۆنە‌و یاد‌و جەژن‌و پشووەكانیشیان لەگەڵ نەخۆشەكاندا بەسەر دەبەن، زۆرجاریش دیارییان بۆ دەكڕن‌و بەسەریاندا دابەشی دەكەن‌و دڵی نەخۆشەكان خۆش دەكەن، جگە لەوەی كە خواردن ئامادە دەكەن‌و بەسەر نەخۆشەكاندا دابەشی دەكەن، دڵنەوایی نەخۆش‌و كەسوكاری نەخۆشەكانیش دەكەن‌و لە ڕووی دەروونییەوە وایان لێ دەكەن كە بەهێزبن‌و نەڕووخێن، ئەویش لەڕێی گفتوگۆ‌و قسەی خۆشەوە.

كامەران، جگە لە ئامادە كردنی خواردن، بۆتە كەسێكی خەمخۆر بۆ نەخۆش‌و نەخۆشخانەكە، داوای لە خەڵك بەدەست هەیە، گوڵ رێك دەخات بۆ بەرچاوی نەخۆشەكان.. چەندینی تر..
ئەگەرچی زۆر دەگمەنە هەمومان وەك كاك كامەران‌و خێزانەكەی بین، بەڵام هیوام وایە، هەر یەكێكمان خاسیەتێك، وێنەیەكی كاك كامەران‌و خانەوادەكەی‌و فەرمان‌و دكتۆر دانا‌و سیامەند‌و كێ‌و كێ‌و ئەو سەدان دڵسۆزەی نەخۆشخانەی هیوامان تیادابێت، تا توشبوانی شێرپەنجە، زیاتر هیوایان بۆ بگەڕێتەوە.. هیواكەی شاریش بەردەوام هیوا بە توشبوان ببەخشێت..

سڵاو‌و رێز بۆ كاك كامەران‌و خێزانەكەی‌و فەرمانی گوڵ
ئێمە هەموو ئەحمەدین بۆ كاك كامەران‌و وەك ئەحمەد، كامەران بە باوك بۆ نەخۆشەكانمان‌و خۆمان دەبینین

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن