راچڵەکین- کامەران کەریم
بەیانی ئەمڕۆ لەگوندی عەلیاوای سەر بە قەزای سەیدسادق زیاتر لە 100 سەرمەڕ بەهۆی خواردنی دەرمانەوە مرداربوونەوە.
عەلی محەمەد، خاوەنی ئەو مەڕانەی کە مرداربونەتەوە بە ڕاچڵەکین-ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی دەرکردنی ئاژەڵەکانی بۆ ناو جاڕ کەسێک دەرمانی کردووەتەوە ناو ئاوەوە بۆ شووتی، بەڵام مەڕەکان لەوکاتەدا لەو ئاوەیان خواردووەتەوە بە هۆیەوە مرداربوونەتەوە.
ئەو هاووڵاتییە ووتیشی:" بەو هۆیەوە زیاتر لە 100سەر مەڕی مرداربوونەتەوە، ئێمە لە ڤێتێرنەری سەیدسادق پشکنینمان بۆ هۆکاری مرداربونەوەی ئەو مەڕانە کرد دەرکەوت بەهۆی ئەو دەرمانەوە بووە، بەڵام ئێمە سکاڵا لەسەر کەس تۆمار ناکەین، چاوەڕوان نین حکومەتیش قەرەبوومان بکاتەوە، هەموو مەڕە مرداربووەکان کۆدەکەینەوە و لە شوێنێکی دوور لە شوێنی نیشتەجێ بوون دەیکەین بەژێر خۆڵەوە".
هەر سەبارەت بەو رووداوە، بێستون ئەبوبەکر پزیشکی ڤێرتێرنەری بە ڕاچڵەکین-ی ڕاگەیاند، ئەو دەرمانەی کە کراوە بەو شوتییە ئاساییە پێش پێگەیشتنی بەروبوم بەکاردەهێنرێت بەمەبەستی گەشەی بەروبومەکە.
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەرمانەی بەکارهێنراوە پەینی کیمیایی بووە، کێشەی ئەم دەرمانە لەوەدایە کە دەبێت بڕێکی زۆر بەکار بهێنرێت لە ڕێگای ئاو و دواتر ڕاستەوخۆ بەکار بهێنرێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەو مەڕانە ڕاستەوخۆ ئاوەکەیان خواردبێتەوە کە دەرمانی تێدا بووە، بۆیە وا بەزووی کاریگەری هەبووە.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەو دەرمانە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ لە کاتی خواردنی شووتییەکەدا راشیگەیاند، بۆ مرۆڤیش بەهەمان شێوەیە، ئەگەر ئەو دەرمانە ڕاستەوخۆ کە دەنێردرێت بۆ بەروبوم بخورێتەوە مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت، ئاساییە ئەو پەینی کیمیاییە بەکار دەهێنرێت، بەڵام دوای چەندین ڕۆژ و پێگەیشتنی بەروبووم زیانی چ بۆئاژەڵ چ بۆ مرۆڤ نابێت
هاوکات، تەها ئەحمەد، لێپسراوی ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق، ئەمڕۆ هەینی ١٢-٦-٢٠٢٠، بەڕاچڵەکین- ی ڕاگەیاند ،له سهر فهرمانی قائیمقامی قهزای سەیدسادق و بهرێوهبهری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی لیژنهیهکی تایبهت بە لێکۆڵینهوه له مرداربوونهوهی (١٠٠) سهر مهڕ له گوندی عەلیاوا پێکهێندرا، دواتر دهرکهوت که هۆکاری مرداربوونهوهی ئهو ١٠٠ سهر ئاژهڵه بۆی جۆرێک له ( پهینی کیمیا) وی بووه که جوتیاران بهکاریدەهێنن بۆ بههێزکردنی زهوی کشتووکاڵی و بهرههمهکانیان، که خواردنی راستهوخۆی بۆ ئاژهڵ و پهلهوەر کوشندهیه و گونجاو نییه. بهڵام هیچ مهترسیهکی بۆ تهندروستی مرۆڤ نییە.