به‌ڤیدیۆ.. گه‌وره‌ترین ماسی كه‌ ‌له‌ ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان راوكراوه‌ كێشی 80 كیلۆبووه‌

ڕاپۆرت

19/06/2020     ژمارەی بینراو 4127


راچڵه‌كین- AA
ماسی بەرهەمێکی نیشتیمانییە لە زۆرێک لە وڵاتاندا، ماسی دەریا، ماسی حەوز، لەگەڵ ماسی رووباڕەکان سەرچاوەی بژێوی و داهاتی ئاژەڵدارین لە وڵاتان.

هەر لە کۆنەوە ماسی لە دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان راوکراوە و لە بازاڕەکاندا ساغ کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی کەمی رووباڕەکان و نەبوونی دەریا، لەرێی دروست کردنی حەوزەوە بیر لە زۆر کردنی ئەو بەرهەمە گرنگە کراوەتەوە.

ماسی دەریاچەو رووباڕەکان لە هەرێمی کوردستان جۆرەها ماسی لەخۆدەگرن کە خۆی لە، ماسیە سوورە، سمێڵە،کوڵە،مشارە، سلڤەر،پانکەو چەندانی تردا دەبینێتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەهەموو ساڵێکداو لەوەرزی زاووزێی ماسییەکاندا قەدەغەی راوکردنی ماسی رادەگەیەنێت، ئەویش بە ئامانجی زیاتر کردنی ئەو بەرهەمە، لە ئاوی رووباڕ و دەریاچەکاندا.

لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری، هەریەک لە دەریاچەکانی دووکان و دەربەندیخان لەسەر زێی بچوک و ئاوی رووباری سیروان، سەرچاوەیەکی سەرەکیین بۆ بەرهەمی ماسی کە خۆی لە چەندین جۆردا دەبینێتەوە.

هەموو ساڵێک لە ١٥ی حوزەیراندا کاتی هەڵگرتنی قەدەغەی راوەماسیە دوای ٣ مانگ، بۆ بەرەبەیانەکەی ماسیگەرەکان بە خۆیان و تۆڕەکانیانەوە بە بەلەمێک دەچنە نێو ئاوی دەریاچەی دووکان و دەربەندیخان و یەکەم راوی دوای وەرزی زاووزێیان دەکەن.

رووباری سیروان کە سەرچاوەی ئاوەکانی لە چەم و کانیاوەکانی ئێرانەوە دێت و دوای ئەوەی دەگاتە دەربەندیخان بەهۆی دروست کردنی بەنداويکەوە لەسەری، دەریاچەکەی گلدانەوەی ئاوی دروست کردووە.

دەریاچەکە بەدووری ٥٠ کم دەکەوێتە باشووری شاری سلێمانییەوە و سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمی ماسییە.

ستار عەبدوڵاکە لەدایک بووی ١٩٦٢ەو زیاتر لە٤٠ ساڵە لە ئاوی رووباری سیروان و دەریاچەی دەربەندیخاندا سەرقاڵی راوەماسیە، بەدەم لێکردنەوەی ماسیەکانی نێو تۆڕەکەیەوە باسی لەوە دەکرد کە راوەماسی پیشەیەکی قورسە بەڵام خۆشی تایبەتی خۆی تێدایە.


-رۆژێک پێش هەڵگرتنی قەدەغەی راوەماسی تۆڕەکان هەڵدەدەن

ستار باسی لەوە کرد کە لەسەعات ٤ی بەرەبەیانەوە هاتوون بۆ هەڵگرتنەوەی تۆڕی ماسییەکان لەکاتێکدا کە ئێوارەی رۆژی رابردوو هەڵیانخستووە لە نێو ئاوەکەدا و دەڵێت، "رۆژێک پێش هەڵرتنی قەدەغەی  راوەماسیەکە دێین و تۆڕەکان هەڵدەخەین، بۆ ئەوەی تا بەرەبەیان چی ماسی کە پێوەی دەبێت، بیهێنینەوە، بۆیە لە ئێواراندا هەڵیان دەخەین و دوای ١٢ سەعات دێینەوە هەڵیدەگرینەوە چونکە ئەگەر ماسیەکە لەکاتی گەرمادا بمێنێتەوە ئەوا ئەگەری هەیە بۆگەن بکات بەتۆڕەکەوە، بۆیە بەکاتی فێنکی دەبێت تۆڕەکان لەنێو ئاوەکەدا بێننەوە."

جۆری ئەو تۆڕانەی کە ماسی پێ راو دەکەن

 سەبارەت بە جۆرەکانی تۆڕ ئەو راوچیەی ماسی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەپێی خواستی خۆیان بۆ گرتنی ماسی گەورە یان بچوک تۆڕەکان هەڵدەدەن و دەڵێت، تۆڕ هەیە بۆ ماسی سەروو ١٠ کیلۆیی، هەیە بۆ سەرو ٢٠ کیلۆیی، هەشمانە بۆ خوار ٥ کیلۆ، تۆڕی تایبەتیش هەیە بە ماسی زۆر ورد کە بۆ سوۆور کردنەوە دەبێت و بە سێ دانەیان کیلۆیەک نابن.

راوچیانی ماسی لە پرۆسەی راوکردنەکەیاندا چەندین تۆڕ دەخەنە نێو بەلەمێکەوە کە بە سەوڵ و بە ماتۆڕیش کار دەکات، لەو شوێنانەی نزیک دەبنەوە لە تۆڕەکە بە سەوڵ کار بە بەلەمەکە دەکەن بۆ ئەوەی دەنگە دەنگی ماتۆڕەکەی ماسییەکان پەرت نەکات و لەو تۆڕە دووریان بخاتەوە کە هەڵیدەخەن، دواتر دوای هەڵگرتنەوەی تۆڕەکان بە ماتۆڕەکە کاری پێدەکەن و دەچنە سەر تۆڕێکی تر کە هەڵیانخستووە.

بەختیار خەلیل کە راوچیەکی تری نێو دەریاچەکەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بەلەمانەی بەکاریدەهێنن لە کارگە جیاوازەکانی شاری هەڵەبجە دروست دەکرێت، بەنزیکەیی یەک ملیۆن دینار بۆیان دروست دەکەن بەسەوڵەکانیەوە، بەڵام ئەگەر خوازیار بن ماتۆڕی بۆ دابنێن، ئەوا دەبێت بەجیا بۆی بکڕن کە ئەویش بە نزیکەیی بڕی ٣ هەزار دۆلار لەسەریان دەکەوێت.

 دوای ئەوەی ماسیگرەکان لە دەریاچەی دەربەندیخانی سەر رووباری سیروان کە تۆڕەکان هەڵدەگرنەوە، بەپێی شانس و هەڵکەوتەی ئەو ناوچەیەی تۆڕەکەیان لێهەڵخستووە، ماسییەکان هەڵدەگرنەوەو دەیبەنە نزیک کەنار دەریاچەو رووبارەکە، لەوێوە کەسانێک هەن بەناوی ماسی سێڵ، کە ماسییەکانیان بە نرخی جوملە لێدەکڕنەوەو ئەوانیش دەیان بەنە بازار بۆ فرۆشتن پاش ئەوەی نرخێکی کەمی دەخەنە سەر، بە دووکانەکانی نێوبازاڕەکانیان دەفرۆشن. 

لەنێو ماسیگرەکاندا نەریتێک هەیە کە زۆر کەم حەز دەکەن باس لە رزق و رۆزیی ئەو رۆژەیان بکەن بۆ یەکتر، تاکو زۆرترین بەرهەم بچننەوە لە تۆڕەکانیاندا.


- هیچ ماسیگرێک  باس لە رزقەکەی ناکات بۆ ئەوی تر ئەمەش بۆتە نەریت و کولتووری ماسیگران

وەک بەختیار خەلیل بەدەم گازندەوە باسی لێوە دەکرد ئەو لە یەکەم رۆژی هەڵرتنی قەدەغەی راوەماسیدا هیچ ماسیەک بە تۆڕەکەیانەوە نەبووە، وەک ئەو  باسی لێوە دەکات هیچ ماسیگرێک بە راوچییەکی تر ناڵێت کە ئەو رۆژە چەندە ماسی گرتووە، تاکو بۆ رۆژی داهاتووتر، ماسییەکان لە تۆڕەکانیان زوویر نەبن و بەرهەمیان کەم نەبێتەوە.


-"ماسی سورە، کوڵە، سمێڵە گرانترین جۆری ماسیەکانی دەریاچەکەن"

نوێنەر بەختیار لە دایکبووی ١٩٩٢ەو یەکێکە لەوانەی کە بە جوملە بەرهەمی ماسیگرەکان دەکڕنەوە و پێیان دەڵێن ماسیسێن، ئەو باس لەوە دەکات کە لەسەر رۆخی ئاوی سیروان دەوەستن و چاوەڕێی مایگرەکان دەکەن کە بێنەوە ماسییەکانیان لێ بکڕن و ئەوانیش بیبەنە بازاڕەکان بیانفرۆشن.

نوێنەر دەڵێت، "ئێمە ماسیەکان بەپێی جۆرەکانیان بە نرخی جیاواز لە ماسیگرەکان دەکڕین، بۆ نموونە لە وەرزی هاوینداکە تازە ماسگرتن دەکرێتەوە، ماسیە سوورە، کوڵە، سمێڵە بە نرخێکی ٦ هەزار بۆ ٦ هەزار و نیو دەکڕینەوە، چونکە زۆر دەگمەنن ئەمانە و خواستیشیان لەسەرە، دواتر لە بازاڕدا بە ٨ هەزار دەیفرۆشینەوە، بەڵام لەوەرزی زستاندا ئەم نرخانە بەرزتر دەبنەوە، ماسی وردەش هەیە کە زیاتر بۆ سوورکردنەوە دەست دەدات کیلۆی بە هەزار بۆ هەزارو ٥٠٠ دینار دەبێت، کە ٤ دانەیان یەک کیلۆ دەبن لە جۆرەکانی ماسیە پانکە، رەقە و مشارە".

ناوبراو باس لەوە دەکات کە بەرهەمی ئەمساڵ لەچاو پار و پێراردا زۆر کەمی کردووە لە ئاوی سیرواندا و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لەمساڵ لەوەرزی قەدەغەی راوودا، خەڵک هەبووە لە کاتی کەرەنتینەکەدا هاتوون بۆ ڕاو، بێ ئەوەی هیچ سانسۆرێک و چاودێریەکیان لەسەر بێت، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا دوای سەرلەنوێ قەرەباڵغ بوونەوەی دەریاچەکە لە ماسیگرەکان، ماسییەکان جوڵە کەمدەکەنەوەو بۆیە کەمتر بەر تۆڕەکە دەکەون، هاوکات لێڵ بوونی ئاوی دەریاچەکە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکەیەوە یەکێکی تر لەو هۆکارانەی بوونەتە رێگر لەبەردەم  هاتووچۆی ماسییەکان لە ئاوەکەداو بەمەش کەمتر بەر تۆڕەکان دەکەون.

- گەورەترین ماسی کە گیراوە ٨٠ کیلۆ بووە لە جۆری سیلڤەر

نوێنەر باس لەوە دەکات کە ساڵانی رابردوو ماسی زۆر گەورە لە ئاوی سیرواندا گیراون کە هەندێکیان گەیشتوونەتە ٨٠ کیلۆ، ٦٠ کیلۆ هەبووە بەتەنیا خراوەتە پشتی پیکابەوە تاکو بردوویانەتە نێو بازار و دەڵێت، "ئەمساڵ گەورەترین ماسی کە گیراوە کەمێک لەمەوبەر ماسیەکی ١٦ کیلۆیی لە جۆری سوورە بوو گرتیان، ساڵانی رابردوو ماسی لەجۆری سیلڤەر هەبووە کە گرتوویانە کێشاویانە ٨٠ کیلۆ دەرچووە. ئەوانە بە تۆڕی تایبەت دەگیرێن، بەپێی درێژی تۆڕەکە جاری وا هەیە ٤-٥ ماسی گەورە دەگرێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن