ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان ئاشكرا دەبێت

کوردستان

29/06/2020     ژمارەی بینراو 2160

راچڵەكین

پارتی و گۆڕان ناوەڕۆكی كۆبوونەوە هاوبەشەكەیان ئاشكرا دەكەن و پشتیوانیش لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكەن، بەرپرسێكی گۆڕانیش رایدەگەیەنێت: ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی، كاریگەری لەسەر ئەو پرۆسەیە هەبووە.

دوای كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی، مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان و دەرباز محەمەد ئەندامی شاندی بزووتنەوەی گۆڕان، كۆنفرالنسێكی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.

دەرباز محەمەد رایگەیاند: وەك بزووتنەوی گۆڕان پشتیوانی لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكەین و دەبێ بكرێت، بەڵام هەنگاوەكان بە خاوخلیچكی دەڕۆنە پێش و ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتیش كاریگەری لەسەر ئەو پرۆسەیە هەبووە.

بەرپرسەكەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوان پشتیوانی لە حكومەت دەكەن بۆ ئەوەی یاسای چاكسازی جێبەجێ بكات، وتی:" لەگەڵ پارتیش لەسەر ئەو پرسانە گفتوگۆمان كرد.

دەرباز محەمەد جەختی لەوەشكردەوە، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، تاكە چارەسەر ئەوەیە هەڵوێستی ناوخۆیی یەكبخرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت كێشەكان چارەسەر بكرێن، راشیگەیاند: ئێستا پێویستمان بەوەیە پشتیوانی حكومەتەكەمان بكەین و ئەگەر پشتیوانی حكومەت نەبین، حكومەت ناتوانێت ئەركی خۆی راپەڕێنێت.

هەر لە كۆنفراسە رۆژنامەوانییەكەدا، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: رەوشەكە رەنگە پێویستی بە رێكخستنەوەی ریزی ناوخۆیی خۆمان هەبێت، ئێمەش هەوڵێكی جدی بۆ ئەو پرسە دەدەین.

وتیشی:" دەبێ یاسای چاكسازی لە وادەی خۆیدا جێبەجێ بكرێت، ئەو كاتەش دەردەكەوێت كێ پشتیوان و كێ دژی چاكسازییە".

لەبارەی داواكارییەكان بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان، مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوەكرد كە خەڵكانێك هەن هاوڕا نین لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و دژی داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بوونە، بەڵام جورئەتی ئەوەیان نەبووە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن