کاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر توانای سێکسی پیاوان و منداڵ بوون

تەندروستی

07/07/2020     ژمارەی بینراو 1121

کاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر توانای سێکسی پیاوان و منداڵ بوون

ڕاچڵه‌كین-
بەداخەوە لە کاتێکی ئاوا هەستیاردا وەک ئەم سەردەمی کۆرۆنایە، زانیاری نادروست و ترسێنەر لەسەر ئەم ڤایرۆسە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەکرێنەوە. کە زۆربەی ئەوزانیاریانە لەلایەن کەسانی شیاوو پڕۆفیشنەڵەوە نانوسرێت وبڵاو ناکرێتەوە، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر كاوه‌ پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلەو میزەڕۆو نەزۆکی پیاوان ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌سه‌ر كاریگه‌ری ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر پیاوان باس ده‌كات.

پێویست ناکات باسی ڤایرۆسەکەو سەرهەڵدان و چۆنێتی گواستنەوەو خۆپارێزی و چارەسەر بکەین. چونکە لەم بارەوە میدیاکان و بەرێوەبەرایەتیە تەندروستیەکان و تەلەفزیۆنەکان کارێکی باشیان کردووەو زۆربەی هاووڵاتیان ئاشنان پێی.

1- کاریگەری ڤایرۆسی لەسەر گورچیلە:

زۆربەی ئەونەخۆشانەی کە بەشێوەیەکی سوک و مامناوەند نەخۆشیەکە دەگرن و پیویستیان بە داخڵ کردن نیە لە نەخۆشخانە، گورچیلەکانیان سەلامەتن و هیچ کێشەی گورچیلەیان بۆ دروست نابێت.

بەڵام ئەوانەی کە بە شێوەیەکی قورس نەخۆشیەکە دەگرن لەسەدا ۲٥ـ٥٠٪ یان تووشی گرفتی گورچیلە دەبن وەک ھەوکردنی یەکەکانی پاڵاوتنی گورچیلەو دەبێتە هۆی زیاتر کردنەدەرەوەی پڕۆتین و خوێن. وە لە ۱٥٪ یان تووشی سستی گورچیلە دەبن. ئەم سست بوونە وەک بەشێک لە سست بوونی ئەندامەکانی وەک سییەکان و دڵ و جگەر ڕوودەدات.

لەبەر ئەوەی ئەم جۆرەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر تازەیە، هێشتا هیچ توێژینەوەک نیە لەسەر ئەوەی ئایا سستی گورچیلە پاش چاک بوونەوەی نەخۆشەکە چاک دەبێتەوە یان ئەوزیانەی بە گوورچیلەکان گەشتووە ئاسایی نابێتەوەو سست بوونەکە هه‌میشه‌یی دەبێت.

2- کاریگەری لەسەر توانای سێکسی پیاوان و منداڵ بوون:-

هەتا ئێستا تەنها یەک توێژینەوە لەبارەوە هەیە، ئەویش لە یەکێ لە نەخۆشخانەکانی ووهانی چینە کە باس لەوە دەکات لەوانەیە پیاوان دوای چاک بوونەوەیان لە نەخۆشیەکە توانای سێکس یان توانای منداڵ بوونیان کەم بێتەوە و توێژینەوەکە دەڵێ وا باشتر پیاوان پاش چاک بوونەوەیان پشکنینی هۆڕمۆن و تۆوویان بۆ بکرێت.

بەڵام لەڕاستیا لەلایەن زۆربەی ناوەندی زانستە پزیشکیەکان وکەسانی پسپۆڕەوە ئەم توێژینەوەیە بەهەند وەرنەگیراوەو بە توێژینەوەیەکی باوەڕ پیکراو دانانرێت، چونکە زانیاریەکانیان زیاتر تیۆرین وبەڵگەی زانستیان نیە.واتە هێشتا ڕوون نیە کە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر توانای سێکسی و منداڵ بوون یان نا.

بەهیوای سوودمەند بوون وپاپەند بوون بەڕێنماییە تەندروستیەکان. خوای گەورە هەمووان بپارێزێت و بەم نزیکانە ژیان ئاسایی ببێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن