وەزارەتی تەندروستی لەسەر بەرهەمهێنانی دەرمانی چارەسەری كۆرۆنا دێتەدەنگ

کوردستان

08/07/2020     ژمارەی بینراو 386

راچڵەكین

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، پێشوازی لە بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانە دەكات، كە لەلایەن كۆمپانیایەكی هەرێمی كوردستانەوە بەرهەمهێنراوەو رایدەگەیەنێت: ئەو دەرمانە ئێستا لەچەند وڵاتێك بەكاردەهێنرێت وەك چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا پێشوازی لە بەرهەمهێنانی دەرمانی چارەسەكردنی كۆرۆنا كردووە، كە لەلایەن كۆمپانیای ئاوامێدیكا لەشاری هەولێر بەرهەمهێنراوە،  لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، بە خۆشحاڵییەوە لە هەرێمی كوردستان هەمان دەرمانی دژە ڤایرۆسی (Favipiravir)  بە ناوی (فابیڤیر) بەرهەمهێنرا، كە لەلایەن هەندێك لە وڵاتی وەكو روسیا و ژاپۆن لە كاتی ئێستادا بەكاردێت و لە رێنماییەكانی چارەسەری عێراق و هەرێمی كوردستان بە یەكێك لە دەرمانەكانی بواری چارەسەری ئەو نەخۆشییە دادەنرێت.

وەزارەتی تەندروستی پاڵپشتی و پشتگیری خۆیشی بۆ كۆمپانیاكە دەربڕیوە كە لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم دەرمانە لە هەرێمی كوردستان كەوتە بواری بەرهەمهێنان و لەژێر ڕۆشنایی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی خۆماڵی و كەرتی تایبەت هان دەدرێت لەپێناو باشتركردنی خزمەتگوزاری تەندروستی هاووڵاتیان، بەتایبەتی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی نەخۆشی كۆرۆنا.

دوێنێ 7-7-2020،  دكتۆر شاخەوان زاهیر، بەڕێوەبەری ماركێتینگ و پەرەپێدان لە كۆمپانیای ئاوامێدیكا رایگەیاند، كۆمپانیاكەیان بە هاوكاری سەنتەرە پسپۆڕییە جیهانییەكان، بەسەركەوتوویی دەرمانی دژە ڤایرۆسی (Favipiravir)  بەرهەمهێناوە، كە بۆ چارەسەری توشبووانی كۆرۆنای نوێ بەركاردەهێنرێت.

ئەو پزیشكە ئاشكراشیكرد، یەكەم بڕی دەرمانەكە بۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق نێردراوە، بۆ ئەوەی بەسەر سەرجەم ناوەندەكانی چارەسەركردنی كۆرۆنا دابەش بكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن