رێزان شێخ دلێر: تەنـدروستی عێراق هاوكاری سلێمانی كردووە بەڵام لە هەولێر ئەو هاوكاریانە بردراوە

کوردستان

09/07/2020     ژمارەی بینراو 300

راچڵەكین-

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایدەگەیەنێت، تەنـدروستی عێراق هاوكاری سلێمانی كردووە بەڵام لە هەولێر ئەو هاوكاریانە بردراوەو، نەدراوەتە سلێمانی.

رێزان شێخ دلێر، لە نووسینێكدا لە هەژماری تایبەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە:" وەك شاندی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە درێژەی چالاكیەكانمان بۆ گەیاندنی كێشەكانی هەرێم سەردانی د.حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێڕاقمان كرد، بۆ وەزیری تەندروستیمان ڕوونكردەوە كە دوای بەغــدا زۆرترین ڕێژەی تووشبوان بە كۆرۆنــا لە سلێمانیـیـە بۆیــە پێــویستە وەك حكومەتی فـیدراڵ هـەوڵـی گــەیاندنی زۆرتــرین هـــاوكاری بدەن بۆ تەندروستی سلێمانی و قەزا وناحیەكانی."

ئەو پەرلەمانتارە نوویسیویەتی:" د.حەسەن تمیمی جەختـیكردەوە لەوەی ئەوان بە گرنگی و وردییەوە چاودێری دۆخی سلێمانی دەكـەن و چەندین جار هاوكاریان ناردوە بۆ سلێمانی بەڵام چونكە وەزیری تەندروستی هەرێم داوایكردوە ئەو هـاوكاریانە لەڕێگەی ئەوانەوە دابەشبكرێت بەشێكی زۆر كەمی گەیشتۆتە سلێمانـی و لەماوەی ڕابردوو هاوكاری حكومەتی توركیـاش هاتووەتە بەغداو هەولێر بەڵام نەگەیەنراوەتە سلێمانی."

رێزان دەڵێت، وەزیری تەندروستی عیراق بەڕوونی پێی وتین كە" كێشەكە لە لای خۆتـانەوەیە"، "وەزیری تەندروستی وتیشی هەولێر و دهــۆك دۆخیان زۆر باشترە پێویست بوو ئەوانیش هاوكـاری سلێمانی بكـەن".

بە وتەی رێزان شێخ دلێر، وەزیری تەندروتسی عێراق بەڵێنیداوە كە خۆی سەردانی سلێمانی بكات داواشیكردووە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی پێشتر سەردانی بكـات بەمەبەستی زانینی كەموكورتی و پێداویستیەكانیان.

"هەر لە درێژەی گفتوگۆكانمان داوامان لە وەزیری تەندروستی كرد ئاگاداری كێشەی تەندروستی پارێزگای كەركوك بێت لە زۆربوونی ژمارەی گیانلەدەستدان لە پارێزگاكە و هەروەها تەندروستی دووزخورماتو كە تەنــها یەك ئامێری هەناساندانی دەستكردیان هەیە و هەروەها كێشەكانی تەندروستی خانەقینیش بەوردی قسەمان لەبارەوە كرد " رێزان شێخ دلێر وای نووسیوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن