دەمیرتاش پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

09/07/2020     ژمارەی بینراو 318

راچڵەكین-

سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووتری پارتی دیموكراتی گەلان HDP دەڵێت: "لە شوێنی قسەكردن لەسەر ئاكپارتی، كاتی ئەوە هاتووە قسە لەسەر داهاتوو بكەین". 
 
دەمیرتاش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی توویتەر پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و داوا لە ئۆپۆزیسیۆن، میدیا، كەسانی ئەكادیمی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات تێكەڵ بە خەڵك بن. 
 
دەمیرتاش كە لە 4ی تشرینی دووەمی 2016 ـەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندكراوە، لە توویتەكەیدا نووسیویەتی، "لەپێناو گەیشتن بە دیموكراسی، مەرجە لەنێو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان خەباتێكی كاریگەر ئەنجامبدرێت، بەبێ جیاوازیكردن لەنێوان، تورك و كورد ، عەلەوی و سووننی، عەلمانی و كۆنسەرڤاتیڤ، نابێت خۆمان بەدووربگرین لەوەی لەپاڵ یەكدی بووەستین و پێكەوە ببینرێین". 
 
دەمیرتاش دەڵێت "توركیا بۆ هەموومانە، هەموومان پێكەوە توركیاین، پێویستە پێكەوە وڵات بەڕێوەببەین و پێكەوە بونیادی بنێین، لە رێگەی دژایەتیكردنی ئاكپارتییەوە ناتوانین داهاتوو بونیادبنێین، لە شوێنی قسەكردن لەسەر ئاكپارتی، كاتی ئەوە هاتووە قسە لەسەر داهاتوو بكەن". هەروەها دەڵێت: "ئاكپارتی لە یەكەم هەڵبژاردندا دەدۆڕێت، لەم نێوەندەدا كۆبوونەوە لەسەر بنەماكانی دیموكراسییەت و پێكهێنانی ئەلتەرناتیڤێكی بەهێز كە جێگەی متمانەی كۆمەڵگە بێت، ئەركێكی مێژوویی ئۆپۆزیسیۆنە." 

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن