ئازاری قاچ
ڕاچڵهكین-
زۆربەی جار ئازاری لاقەکان بەهۆی ئەو ماندووبوون و هەڵە بەکارهێنانی جومگەو ماسولکەکانی دەوری لاقەوە دروست دەبێت . ئەویش لەکاتی جووڵەی ڕۆژانەدا یاخود لەکاتی ئەنجامدانی وەرزشدا بەشێوەی هەڵە . لێرەدا باس لەباوترین ئەو هۆکارانە دەکەین کەلەوانەیە ئازاری لاقەکانت بۆ دروست بکەن، دكتۆره ههڤین پزیشكی پسپۆڕی ئازار و بهنج لهم بابهتهدا هۆكارهكانی ئازاری قاچ باس دهكات.
1- ئازاری لاق بەهۆی کێشەی دەمارەکان :
کە ئەمیش بەهۆی بوونی فشارەوە بێت لەسەر دەمارەکە کە لەوانەیە عەرق النسا یاخود سایەتیکا بێت ،
ئەویش بەهۆی بوونی فشار لەسەر دەماری "سایەتیک" لە سمتدا ، کەلەوانەیە بەهۆی ئینزیلاقی دیسکی نێوان بڕبڕەکانی پشت بێت ، یاخود بەهۆی گرژبوونی ماسولکەکانی سمت، یاخود داخزانی بڕبڕەکان بۆ سەریەک. هەندێک جار ئازارەکە بەهۆی تەسکبوونەوەی ئەو کەناڵەوەیە کە دڕکە پەتکی پیادا دەڕوات ، یاخود بەهۆی تێکشکانی دەمارەکەوە دەبێت کە لەهەندێک نەخۆشی وەکو : نەخۆشی شەکرە ڕوودەدات ، یاخود برینداری و پێکان و هەوکردنی دەمارەکان لەوانەیە ڕووبدات . ئەم حاڵەتانە زۆربەی جار سڕی و گەرمی و هەستکردن بەدەرزی ئاژنینی لەگەڵدایەو بە ئازارشکێنی ئاسایی ئازارەکە ناڕوات ، بەڵکو چارەسەری تایبەت بەخۆی هەیە کە زۆربەی جار دژەپەرکەم و هێورکەرەوەکان دەبێت بەکاربێت .
2- ئازاری لاق بەهۆی جومگەکانەوە :
ئەویش بەهۆی داخورانی جومگەکانەوە دەبێت ئایا جومگەی حەوز بێت یاخود ئەژنۆ یاخود قولەپێ ، لەگەڵیدا ئاوسان و سوربوونەوەو ڕەقبوون وئازار لەجومگەکاندا هەیە . پێویستە پزیشک چارەسەری گونجاو بەپێی ڕێژەی داخورانەکە دانێت ، لەگەڵیدا چارەسەری سروشتی و وەرزش و لەکاتی ئازاردا پاکی سارد و گەرم بەپێ نەخۆشەکە لەگەڵ ئازارشکێنەکان دەتوانرێت بەکاربێت .
3- ئازاری لاقەکان بە هۆی کێشە لەبۆری خوێندا :
ئەویش ئایە بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانەوە بێت، کەخوێنی پێویست ناچێت بۆ بەشەکانی قاچ و ئەمەش ئازار دروست دەکات و کەسەکە هەست بەتەزین و ساردی لاقەکانی دەکات و هەندێک جاریش شینبوونەوەی لەگەڵ دەبێت.
هەروەها هەندێک جار خوێین مەیین لەناو خوێنهێنەرە قووڵەکاندا ئازارێکی توند سووربوونەوە دروست دەکەن لەلاقەکاندا یاخود لە ڕاندا کەئەمیش دەرئەنجامی ترسناکی هەیە و لەوانەیە ببێتە هۆی جەڵتەی سییەکان، بۆیە پێویستە بە زووترین کات پزیشکی پسپۆڕ بیبینێت و هەندێک خوی خراپی وەکو جگەرەکێشان و خواردنی ناتەندروست تەرک بکرێت . هەروەها دەوالی کە بریتییە لە هەڵئاوسان و تەقینی مولولەی خوێنهێنەرەکان، لەوانەیە ئازار لە لاقدا دروستبکات و باشترین ڕێکا بۆ چارەسەرکردنی ، دابەزاندنی کێش و بەکارهێنانی گۆرەوی تایبەت و وەرزشە .
4- ئازاری قاچ بەهۆی تێکچوونی ئەلکترۆلایت و کانزاکان :
وەکو پۆتاسێۆم ، سۆدیۆم، کالسێۆم ، مەگنیسێۆم، کەیارمەتی کارکردنی ماسولکەکان دەدەن . هەندێک جار لەڕێگای عارەقکردنەوەی زۆرەوە یاخود سکچوون یاخو ئەو نەخۆشانەی کە شێرپەنجەیان لەگەڵەو چارەسەری کیمیاوی وەردەگرن، یان هەر هۆکارێکی تر لەوانەیە لەلەشدا کەمبنەوەو گرژبوونی ماسولکەو سڕی و بێهێزی دروستبکەن . باشترین چارەسەر خواردنەوەی ئاوە بە ڕێژەیەکی زۆر و ئەو خواردنانەی کە ئەم کانزایانەیان تیادایە وەکو چەرەزات و شیرەمەنییەکان .
5- ئازار لە لاق و قاچ بەهۆی کێشەی ماسولکەوە و بەستەرەکانەوە :
گرژبوونی ماسولکەکانی قاچ : ئەویش زیاتر لەکاتی خەودا یاخود لەناوەڕاستی ڕۆژەکەدا هەستی پێدەکرێت. کاتێک دەستی لێدەدرێت خراپتر دەبێت، لەکاتی ماندووبونی ماسولکەو ووشکبونەوەی ڕوودەدات بۆیە باشترین چارەسەر بۆی خواردنەوەی ئاوە ، پشوودان و سترێچ و ڕاکێشانی ماسولکەکەیە بە وەرزش و مەساجکردنێتی .
6- هەوکردنی ماسولکەو شانەکانی دەوروبەری ئێسکی لاق :
ئازار دروست دەبێت لەکاتی ڕۆشتن و بازدان و ڕاکردندا و لەبەشی پێشەوەی لاقدایە ئازارەکە . دووبارەکردنەوەی چالاکییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر ئەم هەوکردنە دروست دەکەن و هەروەها لەو کەسانەی "فلات فوت" ن، واتە پێیان قەوسی کەمە یاخود قەوسییەکەی زۆر زۆرە یاخود ڕووی پێیان بۆ دەرەوەیە، زیاتر دروست دەبێت. چارەسەری بەکارهێنانی پاکی سارد ڕۆژانە بۆ چەند جارێک دەتوانرێت دژەهەوکردن و دژە ئازارە (NSAI)بەکاربهێنرێت وەکو ڤۆڵتارین ، پڕۆفین ، ناپرۆکسین...هتد. ئەگەر سوودی نەبوو ئامێری شۆک وەیف و ئامێری (TENS)و دەرزی ئاژەنین سوودی زۆریان هەیە .
7- ئازار بەهۆی هەوکردنی بەستەرەکانەوە :
ئەویش بەهۆی هەوکردنی بەستەری پشتی پێ وە لەلای قولەپێ، کەپێ دەوترێت (achilles tendon) . لەوانەیە بەهۆی بەرکەوتنی زەبرەوە بێت ، کە وەرزشەوانەکان زیاتر تووشی دەبن ، کە بەستەرەکە دەئاوسێت و دەدڕێت، یاخود لەئەنجامی ماندووبونێکی زۆرەوە و سەرکەوتنی قادرمەوە دروست دەبێت . باشترین چارەسەر پشوودانە ، لەگەڵیدا ئازارشکێنە دژەهەوکردنەکان و بەکارهێنانی پاکی سارد . ئەگەر سوودی نەبوو ئامێری شۆک وەیڤ یەکێکە لە باشترین چارەسەرەکان کە حەفتانە ئەنجامدەدرێت .ئەگەر بەستەرەکە بریندار بوو دەتوانیت پلازمای چڕ بە خەپلەکانی خوێنی بۆ بکرێت بۆ یارمەتیدانی چاک بوونەوەی بەستەرەکە .
8-ئازار بەهۆی شکانی ئێسکی لاق یاخود درز یاخود لەجێچوونی قوولە پێ (sprain):
لەکاتی شکاندا پێویستە بەزووترین کات ڕای پزیشکی شکاوی وەربگریت، لەکاتی لەجێچووندا کە قولەپێت و قاچت وەردەگەڕێت ، پێویستە پشووی پێبدەیت ، پاکی سارد بەکاربێنیت ، بیبەستیت و بەرزیبکەیتەوە . ئەگەر بەوە چاک نەبوویت پێویستە ڕای پزیشکی ئێسک و شکاوی وەربگریت .
هەندێک حاڵەتی تریش هەن کەلەوانەیە کەمتر ئازاری لاق دروستبکەن وەک : پچڕانی بەستەری سەڵیبی یاخود بەستەرەکانی دەوری ئەژنۆ، هەوکردنی کیسی لینجی ناو ئەژنۆ ، داخورانی زۆری ئەژنۆ ، هەندێک حاڵەتی دەگمەن وەکو (meralgia parasthesia)و (restless legs syndrome).