پێشبینییەكەی گەیتس

رامان عوسمان


20/11/2021


بەرهەم ساڵح‌ لە چاوپێكەوتنێكدا كە ماوەیەك لەمەوبەر لە جەزیرەوە بڵاوكرایەوە، لە شوێنكدا كە باس دێتە سەر باسی  ئایندەی عیراق، باس لەوە دەكات، بەهۆی ئەوەی جیهان ڕوو لە وزەی پاك دەكات،  لەدوای 2030وە مەترسی دابەزینی زۆری نرخی نەوت دەكرێت، كە ئەمە بۆ وڵاتێكی وەك عیراق كە بەتەواوی پشتی بەنەوت بەستووە زۆر مەترسیدارە، بەداخەوە پێشكەشكاری بەرنامەكە ئەوەندە گوێی بەو قسانە  نەداو لەسەری نەچوو.

بەڵام بەلای منەوە ئەمە گرنگترین خاڵی چاوپێكەوتنەكەو وشیارییەكی واقیعییە بەرامبەر بەوەی ئەگەری هەیە لەداهاتوودا روو بدا!

لەم رۆژانەدا بیڵ گەیتس دامەزرێنەری مایكرۆسۆفت كە هەمیشە پێشبینی دروست و حسابی هەیە، لە كۆنگرەی كەش و هەوا، باسی لەوە كردووە كە جیهان روو لە وزەی نوێ دەكات و بەوهۆیەوە‌ لە 30 ساڵی داهاتوودا كۆمپانیا زەبەلاحەكانی نەوت توشی تەنگژەی گەورە ‌ دەبن و بەهای پشكەكانیان لە بازارەكاندا دادەبەزێت. هەرچەندە گەیتس پێشی وایە ئەو كۆمپانیانە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو بارودۆخە نوێیه، بەناچاری روو لە وەبەرهێنان لە وزەی پاك دەكەن و بەوەش تا ئەندازەیەك خۆیان لە ئیفلاسبوون دەپارێزن.

بەپێی راپۆرتێكی گاردیانیش تا 2034 نیوەی راستی سوتەمەنییە ئۆرگانییەكان یان سووتەمەنی فۆسیل (نەوت و گازو خەڵوز) بەهای خۆیان لەدەست دەدەن.

ئەنجومەنی وزەی جیهانیش 2 ساڵێك لەمەوبەر باسی لەوەكردبوو كە هەتا 2040 جیهان لە قۆناغی گواستنەوە و راگوزەر لە بواری وزەدا بەسەر دەبات.گواستنەوەیەك كە وردە وردە سوتەمەنی فۆسیل بەهاكانی سەدەی 20 لەدەست دەدات و جیهان بەناچاری روو لە وزە پاكەكان دەكات.

نیشانەكانی ئەم گۆڕانكاریانە وەك رۆژی روون ئاشكرایە، هەر دوێنێ و پێر ئەڵمانیا رایگەیاند وڵاتەكەی چیتر تەئمیناتی ماڵی نادات بەپرۆژەكانی نەوت و گاز لەدەرەوەی ئەڵمانیا!

گرنگترین گۆڕانكاری قۆناغی گواستنەوەی سوتەمەنی فۆسیل، گۆڕینی كەرتی گواستنەوەو ئۆتۆمبیلەكانە. جیهان بەجۆرێك رووی لە گۆڕینی ئۆتۆمبێل كردووە بۆ ئۆتۆمبێلی كارەبایی، بەئاسانی پێشبینی ئەوە بكەی كە ئۆتۆمبێلی سوتانی ناوەكی هێندە نابات دەبێتە چیرۆكێك لە چیرۆكە كۆنەكان. 

پاڵپشتی سەرەكیش لەم گۆڕانكارییه، جگەلە مەترسیەكانی تێكچوونی ژینگەو بوونی ئەم بابەتە بە رۆژەڤی سیاسی جیهان و فشاری جەماوەری، ‌ تەكنۆلۆژیایە: لەم رووەوەوه ‌لە چەند ساڵی رابردوودا شتی وا روویداوە كە جێگەی سەرسوڕمانن:

 12ی مانگی رابردوو‌ لەشاری مونیخی ئەڵمانیا، یەكێك لەگەورەترین پێشەنگاكانی ئۆتۆمبێل بەرێوەچوو بەناوی IAA Mobility 2021، زۆربەی كۆمپانیا گەورەكانی ئۆتۆمبێل دواین نمونەی بەرهەم و داهێنانەكانی خۆیان نیشان دابوو.

مێرسێدس لەو پێشانگەیەدا نمونەی یەكێك لە ئۆتۆمبێلە تەواو كارەباییەكانی خۆی نیشان دابوو، بەناوی (مێرسێدسEQS ) ئەم ئۆتۆمبێلە ئەگەر 15 خولەك لەسەر شەحنی دابنێی، پاترییەكەی بەشی ە250 كیلۆمەتر دەكات واتا لەسلێمانی تا دهۆك! لەوەش زیاتر ئەگەر بەتەواوی شەحن ببێت ئەوا لێخوڕە تا 660كم خەمت نەبێ !

لەوەش سەیرتر دیزاینەرێكی ئۆتۆمبیلی ئێرانی بەناوی نادر فقیەزادە كە پێشتر لە BMW بووە، لەگەڵ كۆمپانیای چانگان و هواوی چینی سەرقاڵی دیزاینی ئۆتۆمبێلێكی تەواو كارەبای و زیرەكن بەناوی   Avatr 11 ئەم ئۆتۆمبێلە بەیەكجار شەحن كردنەوە 700كیلۆمەتر دەبڕێ! لەوەش زیاتر زیرەكەو دەتوانێت بێ شۆفێریش خۆی خۆی بهاژوێ.!!!

 ئەم توانا زۆرەی بارگاوی بوون و بەرگەگرتنی پاترییە‌كان جۆرێك لە خەیاڵ دەچێ . ئاخر تۆ بزانە بەماوەیەكی كەم چی روویداوە: لە جیلی یەكەمی مۆبایلدا چاكترین جۆری  پاتری  كە هی نوكیای3110 بوو لە 1997 دەوربەری 400ملی ئەمپیر لەسەر كاتژمێر توانای هەبوو، ئێستا تەنیا لەماوەی 20 ساڵێكدا پاتری زۆربەی مۆبایلە زیرەكەكان لە 5000-6000 هەزار ملی ئەمپیرە! تەنانەت مۆبایلی وەك  Ulefone Armor 3W توانای پاترییەكەی گەیشتووەتە،10300ملیی ئەمپیر!  400 بۆ 10هەزارخەیاڵ. 

خەبەرێكی گرنگیش ئەوەیە لە كۆنگرەی ئەمجارەی كەشوهەوا 6 لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئۆتۆمبێل سازی و 22 وڵات رێكەوتون كە وادەیەك بۆ كۆتایهێنان بە ئۆتۆمبێلی بەنزین و گاز و غاز دابنێن و ئەو وادەیەش لە 2035-2040 تێپەڕ ناكات.  ئینجا بیهێنە پێش چاو ئەگەر كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئۆتۆمبێل بەو هەموو توانا ماددی و بودجە زۆرەی تەرخانكراو بۆ توێژینەوە روو ئۆتۆمبێل سازی كارەبایی بكەن،  بڵێی چی بكەن و چۆن توانای ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان و بەرگەگرتنی پاترییەكان بەرز بكەنەوە! 

من دەزانم نەوت، تەنیا سوتەمەنی و گاز و بەنزین نییە، پێكهاتەی تری تێدایە كە پیشەسازی پێویستی پێیەتی و دەست بەرداربوونی زەحمەتە، بەڵام ئەگەر جیهان روو لەوزەی پاك بكات و وڵاتە پیشەسازییە گەورەكان بازارەكانیان بەرووی ئۆتۆمبیلی بەنزیندا و گازدا دابخەن، قوڕ دەكەن بەسەر نەوت و لە ئاو هەرزانتر دەبێ!ئەبێ دوعای بكەی بەرمیلی 30-20 دۆلارێك بكات! ئەو كاتە پۆزی بەرزی نرخی نەوت نامێنێ و پیاو ئەگەر كەوش وكڵاش و كەشك و دوینە رەوانە بكات پارەی باشتری بۆ دەكات! 

بێگومان لای خۆمان لەم رۆژانە كە دوای داخرانی كۆرۆنا بازاری نەوت گەشاوەتەوەو نەوت پارەیەكی باش دەكات، كەس بیر لەم مەترسیە ناكاتەوە و بیریان نەماوە دابەزینی نرخی نەوت لەچەند ساڵی رابردوو كردنی بەچی پەنێ و  رەنگە كەوتبنە سەر هەوای ساڵانی 2011-2012 كە نەوت نرخێكی خەیاڵی هەبوو، بەكەیفی خۆیان پارەی نەوتیان پەخشان و تەخشان دەكردو خانەنشینی نا رەوا و بن دیواریان پێ قەڵەو دەكرد!

بەڵام وڵاتە نەوتییەكانی وەك سعود و كەنداوییەكان لە ئێستاوە مشوری ئەمە دەخۆن و روو لەكەرتی تر دەكەن، ئەوەتە دوبەی هەر لەبەرخاتری ئەوەی گەشتیاری زیاتر رووی تێ بكات قانوونی مەدەنی هاوسەرگیری دەركردووەو هاوڕەگەزبازیش ئازادە چۆن هاوسەرگیری دەكات، سعودییە پلانی هەیە تا 2030 پشت بەستن بەنەوت زۆر كەم بكاتەوەو لەئێستاوە چاكسازی دەكات و وڵاتەكە بەرووی دەرەوەدا دەكاتەوە.  بەڵام هیچ دەنگ و نیشانەو ئومێدێك نییە، حكومەتە لاتەی خۆمان و داڕزاوەكەی بەغداش تەگبیری ئەوە بكەن كە روویان لەچی داهاتوویەكەو مەترسییەكانی چین و چۆن وردە وردە خۆیان لە ئابوری وابەستەی نەوت رزگاربكەن و ئەم چەند ساڵەی لە پێشیانە وەك دەرفەت سودی لێ وەربگرن پێش ئەوەی بكەونە تەنگژەیەكی راستەقینەوە!